قوباد تاڵەبانی: پێویستە لە بەغدادەوە شەڕ بۆ بەدەستهێنانی مافەكانمان بكەین
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەمیانی بەشداریكردنی لە دیداری مێری پانێڵێكی پێشكەشكرد و رایگەیاند: گرفتی مووچە و كێشەی دارایی لەگەڵ بەغداد هاووڵاتییانی ماندوو كردووە بۆیە، پێویستە لە بەغدادەوە شەڕ بۆ بەدەستهێنانی مافەكانمان بكەین، لەبارەی كەركوكیشەوە وتی: باوەڕمان بە روئیای مام بۆ كەركوك هەیە و ئەو خزمەتەی لە كەركوك دەكرێت سیاسەتی سەرۆك مام جەلالە.
دیداری ساڵانەی ئینستیتیوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ تویژینەوە( مێری) لەهەولێر دەستیپێکرد و تێیدا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پانێڵێکدا رایگەیاند: لەئێستادا بەجۆرێک هەماهەنگی و رێککەوتن لەنێوان هەرێم و بەغداد هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا هەمیشە بەرزی نزمی هەیە و کرۆکی سەرەکی کێشەکانیش جێبەجێنەکردنی دەستوورە، بۆیە پێویستە پەیوەندییەکی دامەزراوەیی و دوور لە میزاجمان لەگەڵ بەغداد هەبێت.
راشیگەیاند: گرفتى مووچە و کێشەى دارایى لەگەڵ بەغداد هاووڵاتییانى ماندوو کردووە، هاوکات بەغداد شوێنی بەدەستهێنانی مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستانە هەربۆیە، پێویستە لە بەغدادەوە شەڕ بۆ بەدەستهێنانى مافەکانمان بکەین.
هەر لەدیدارەکەدا قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشکرد: بەداخەوە لە دواى کۆچى دوایى سەرۆک مام جەلال بۆ کورد بۆشاییەکى گەورە دروست بووە، چونکە سەردەمى سەرۆک مام جەلال پرسە ستراتیجییەکانى هەرێمیش لە بەغداد گفتوگۆى لەسەر دەکرا.
روونیشیکردەوە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەوڵێکی زۆریداوە، تا پێگەی خۆی لە بەغداد بەهێزکردووە، تاکو گفتوگۆکان لەسەر بەرژەوەندییە باڵاکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە بەغداد بکرێت، نەک لەسلێمانی و هەولێر، پێویستە ئەوە بچەسپێت کە عيراق وڵاتێکی فیدراڵییە.
راشیگەیاند:پێویستە ئێمە چۆن شەڕ دەکەین لەسەر لامەرکەزییەت و شۆڕکردنەوەى دەسەڵات لە بەغدادەوە بۆ هەرێمى کوردستان، بەوجۆرەش دەسەڵات شۆڕبکەینەوە بەسەر پارێزگا و قەزا و ناحیەکاندا، سەلمێنراویشە کە بابەتەكە سیاسى نییە، بەڵکو ئیدارییە.
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشکرد: لەئێستادا لەسەروبەندی بانگەشەی هەڵبژاردنداین بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، نامەوێت ئەم هەلە بقۆزمەوە بۆ هەڵبژاردن، بەڵام ئەگەر سەیرێکی وتار و دروشمی لایەنە سیاسییەکان بکەین، هەمووی ئاڕاستەی بۆ ئەوەی لە بەغداد بەهێزببین، بە تایبەتی دروشمی حزبەکەی خۆم کە دەڵێین"هێزی تۆین لە بەغداد"، چونکە ئەم پرسە گەورەکان لە بەغداد چارەسەردەکرێن.
روونیشیکردەوە، عیراق یەک سەرچاوەی داهاتی هەیە، کە نەوتە، تا ئێستا یاسایەکی نییە بۆ رێکخستنی ئەو کەرتە، چۆن وڵاتێکی گەورە کە خاوەنی 46 ملیۆن کەسە، یاسایەکی نییە بۆ رێکخستنی ئەو کەرتە، کارەساتە وڵاتێکی خاوەن نەوت یاسای نەوت و گازی نەبێت.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەشى خستەڕوو: پێش ئەوەى بیر لە زیادکردنى پارێزگا لە عیراق و هەرێمى کوردستاندا بکەینەوە، بادەسەڵاتەکان رێکبخەینەوە، چونکە هیچ سودى نییە و تەنها مەعنەویيەن خەڵک دڵخۆش دەبن، بەبوون بە پارێزگا ئەگەر بودجە و میلاک و فەرمانگە و کەرەستەى پێویست بۆ فەرمانگەکانى نەبێت و گۆڕانکارییان تێدا نەکرێت لە رووى كارگێڕییەوە هیچ سوودێکی نییە.
