خەزعەلی و حەلبوسی جەخت لەسەر خێراکردنی پێکهێنانی حکومەت و پتەوکردنی سەقامگیری سیاسی دەکەنەوە
ئەمڕۆ هەینی "قەیس خەزعەلی" ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهل حەق و "محەمەد حەلبوسی "سەرۆکی هاوپەیمانیی تەقەددوم، جەختیان لە گرنگیی پەلەکردن لە پێکهێنانی حکومەت و پتەوکردنی سەقامگیریی سیاسی کردەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلولحەق، کە دەستی ئاژانسی موتەڵع کەوتووە،تیایدا ئاماژەی بەوە داوە : کە "شێخ قەیس خەزعەلی " ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلولحەق،لە نووسینگەکەی خۆی لە بەغدا پێشوازیی لە "محەمەد حەلبوسی "سەرۆکی هاوپەیمانیی تەقەددوم کرد.
راگەیەندراوەکە ئەوەشی خستەڕوو : کە لە میانی دیدارەکەدا پیرۆزباییان لە یەکتری کرد بە بۆنەی سەرکەوتنی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکان و ستایشی ئاستی بەشداریی فراوانیان کرد کە ڕەنگدانەوەی هۆشیاریی شەقامی عێراقی بوو، هەروەها ئەو ئەنجامانەی بەدەست هاتوون وێستگەیەکی گرنگن بۆ چەسپاندنی ڕەوتی دیموکراسی و بەهێزکردنی متمانەی هاووڵاتییان بە دامەزراوە دەستوورییەکان.
هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەکە ، هەردوولا جەختیان کردەوە لەسەر "پێویستیی خێراکردنی هەنگاوەکانی پەیوەست بە پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو، بە شێوەیەک کە لەگەڵ تەحددییەکانی قۆناغی ئێستادا بگونجێت و دەستنیشانکردنی کەسایەتیەک کە خاوەن لێهاتوویی و توانای بەڕێوەبردنی دۆسیە نیشتمانییەکانی هەبێت، هەروەها پەلەکردن هۆکارێکی سەرەکییە بۆ پتەوکردنی سەقامگیری و بەدیهێنانی خواستەکانی هاووڵاتیی عێراقی.
