سودانی و تاڵەبانی جەخت لەسەر جێبەجێکردنی ڕێوشوێنەکانی دوای هەڵبژاردن بەپێی وادە دەستوورییەکان دەکەنەوە
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان جەختیان لەسەر خێراکردنی جێبەجێکردنی مەرجەکانی دوای هەڵبژاردن کردەوە.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە بڵاویکردەوە،سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، ئەمڕۆ شەممە، پێشوازی کرد لە سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بافڵ تاڵەبانی.
وتیشی لە میانەی دیدارەکەدا تاوتوێی بارودۆخی گشتی وڵاتیان لە ئاستە جیاجیاکان کرد لەگەڵ گرنگی پاڵپشتیکردنی پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان کە حکومەت کاری لەسەر دەکات، هەروەها پتەوکردنی سەقامگیری، بەشێوەک لە بەرژەوەندی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان بێت لە سەرتاسەری وڵات.
ڕوونیشیکردەوە لە بەشێکی تری دیدارەکەدا جەخت کرایەوە لەسەر خێراکردن بۆ تەواوکردنی پێداویستییەکانی دوای هەڵبژاردن، بەتایبەتی دوای پەسەندکردنی ئەنجامەکانی و هەموو هێزە سیاسییەکان کاربکەن بۆ بەدیهێنانی بەرهەمەکانی پرۆسەی هەڵبژاردن لەماوەی دەستووری ڕاگەیەندراودا.
