مەسرور بارزانی: دورخستنەوەی حەلبوسی لە کاتێکی هەڵەدابوو
سەرۆکی حکومەتی هەرێم ،ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، دورخستنەوەی حەلبوسی لە ئێستادا کێشەی زیاتر بۆ عێراق دەهێنێت، پێویست بوو ئەو کێشەیە بە رێگای دیکە چارەسەر بکرێت نەک بدرێت بە دامەزراوەیەک کە بڕیاری تاک لایەنە دەدات.
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە رۆژی دوەمی کۆڕبەندی ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاند"دورخستنەوەی محەمەد حەلبوسی لە سەرۆکی پەرلەمان لە کاتێکی هەڵەدابو، چونکە عێراق چەندین کێشەی هەیە، دەبو پێش ئەوەی حەلبوسی دوربخرایەتەوە لە رێگەى دیکەوە چارەسەر بکرایە، بەڵام کێشەکە درایە دامەزراوەیەک کە تاکلایەنە بڕیار دەدات.
ئەوەشی خستەڕو، سونە یەکێکە لە پێکهاتە سەرەکییەکانی عێراق و پێویستە رێز لە نوێنەرەکانیان بگیرێت، ئەو ململانێیەی لە نێوان عێراق و هەرێم هەیە بەهۆی هەڵە نوسینەوەی دەستورە، ماوەی چەندین ساڵە کێشە لە نێوان بەغدا و هەرێم هەیە، پرسیاری ئەوانیش ئەوەیە کە ئایا عێراق وڵاتێکی فیدڕالییە.
باسی لەوەشکرد، کێشەی سەرەکی هەناردەی نەوت دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی، هەرێمی کوردستان گرێبەستی لەگەڵ چەند کۆمپانیایەک هەیە، لە گرێبەستەکان ئاماژە بە تێچوییەکی دیاریکراو بۆ دەرهێنانی نەوت دراوە، بەڵام بەغدا تێچوییەکی بۆ ئەو کۆمپانیایانە داناوە کە جێگای قبوڵ نییە، تێچوی دەرهێنانی نەوت لە یاسای بودجە بە شەش دۆلار دانراوە، لە کاتێکدا کێڵگەی نەوت عێراقی هەیە بۆ دەرهێنانی هەر بەرمیلێک نەوت 24 دۆلار دانراوە.
مەسرور بارزانی ئەوەشی ئاشکرا کرد، لەگەڵ حکومەتی هەرێم لەسەر ئەو گرفتانە گفتوگۆیان کردوە، کەی کێشەی بەرهەمهێانن و تێچوی دەرهێنانی نەوت چارەسەر کرا، ئەو کاتە هەناردەی نەوتی هەرێم دەست پێدەکاتەوە.
