ژمارەى قوربانیانى بومەلەرزەکەى ژاپۆن بەرزتر بوەوە
ئامارێکى نوێی قوربانیانى بومەلەرزەکەى ژاپۆن بڵاوکرایەوە تا ئێستاش بەشێکى زۆرى قوربانیان بێ سەروشوێنن.
بەپێى ئەو داتایەى دەسەڵاتدارانى ژاپۆن بڵاویانکردوەتەوە؛ تا ئێستا بەهۆى بومەلەرزە بەھێزەکەى یەکەم رۆژى ساڵى تازەوە 92 کەس گیانیان لەدەستداوە و 180 کەسیش بێسەروشوێنن، ئامارى پێشتریش ئاماژەى بۆ گیانلەدەستدانى 84 کەس و بێسەروشوێنبونى 180 کەس دەکرد.
ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە کە چرکە بە چرکە هیواى دۆزینەوەى بێسەروشوێنبوانى ئەم بومەلەرزەیە کەمتر دەبێتەوە و ژمارەى قوربانیانیش زیاتر بەرزدەبنەوە و بریندارانیش گیان لەدەست دەدەن.
یەکێک لە هۆکارەکانى نەدۆزینەوەى تەرمەکان ئەو بارانە بەهێزەیە کە ناوچەکەى گرتوەتەوە و تا ئێستاش هەزاران کارمەندى هێزەکانى بەرگرى ژاپۆن بەدواى بێسەروشوێنبواندا دەگەڕێن.
ژاپۆن یەکێکە لەو وڵاتانەى لەسەر پشتێنەى ئاگرە لە زەریاى هێمن، بەمەش بوەتە یەکێک لەو وڵاتانەى کە زۆرترین بومەلەرزە تێیدا رودەدات و مەترسی رودانیشى زیاترە لە ناوچەکانى دیکەى جیهان.
