سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بانگهێشتنامەیەکی پێدەگات بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی جیهانی بۆ حکومەتەکان 2024
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران مەحەمەد شیاع سودانى، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە پێشوازی کرد لە باڵیۆزی دوڵەتی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی لە بەغداد بەڕێز سالم ئەلزعابی.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئەلزعابی سڵاوی سەرۆکی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی شێخ محەمەد بن زاید ئالنەهیان و فەرمانڕەوای دوبەی شێخ محەمەد بن ڕاشد ئالمەکتومى گەیاندە بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و بانگهێشتنامەیەکی پێشکەش کرد کە لە لایەن شێخ محەمەد بن ڕاشدەوە نێردراوە بۆ بەشداریکردن لە کارەکانی لوتکەی جیهانی بۆ حکومەتەکان 2024 کە لە مانگی شوباتی داهاتوودا لە ئیمارات بەڕێوەدەچێت.
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە قووڵی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئیمارات کردەوە و ئاماژەی بە گرنگی لوتکەی جیهانی و کاریگەرییە گرنگەکەی کرد لەسەر پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە هەموو شێوەکانیەوە بۆ هاوڵاتیان، هەروەها ستایشی حکومەتی ئیمارات و سەرکردایەتییەکەی کرد لە بواری حکومەتی ئەلیکترۆنیدا.
