بافڵ جەلال تاڵەبانی: یەکێتی دەیەوێت کەرکوک وەک نمونەی ئاشتەوایی بمێنێتەوە
سەرۆکی یەکێتی رایگەیاند، ئەمڕۆ ساڵیادی مورافەعەکەی مامجەلالە کە تییدا بە بەڵگەی مێژویی کوردستانیبونی کەرکوکی سەلماند، یەکێتی دەیەوێت کەرکوک هەمیشە وەک نمونەی باڵای ئاشتەوایی و پێکەوە ژیان بمێنێتەوە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ یادی 20 ساڵەی مورافەعە مێژوییەکەی مامجەلال لە ئەنجومەنی حوکم دەکەینەوە، یادی ئەو رۆژەی بە نەخشە و بەڵگەی مێژوییەوە کوردستانیبونی کەرکوک سەلمێندرا.
کەرکوکی قودسی کوردستان بەشێکی گەورە و گرنگی خەباتی سیاسیی مامجەلال بو
ئاماژەی بەوەشکردوە، کەرکوکی قودسی کوردستان بەشێکی گەورە و گرنگی خەباتی سیاسیی مامجەلال بو، ئەمڕۆش بە هەمان وزە و رۆحییەتەوە درێژە بەو سیاسەتە دەدەن و خەبات لەپێناو سەربەرزیی و سەرفرازیی کەرکوک و خەڵکە تێکۆشەرەکەیدا دەکەین.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەمیشە لە کەرکوک و لەناو دڵی خەڵکە خۆڕاگرەکەیدا بوە
ئەوەشخراوەتەڕو، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەمیشە لە کەرکوک و لەناو دڵی خەڵکە خۆڕاگرەکەیدا بوە، خەمی کەرکوک خەمی ئەوانە و گەیشتن بە مافە یاسایی و دەستوورییەکانیشی لە ئەستۆی ئەواندایە.
دەیانەوێت کەرکوک وەک هەمیشە نمونەی باڵای ئاشتەوایی و پێکەوەژیان بمێنێتەوە
بافڵ جەلال تاڵەبانی باسی لەوەشکردوە، دەیانەوێت کەرکوک وەک هەمیشە نمونەی باڵای ئاشتەوایی و پێکەوەژیان بمێنێتەوە و خەباتیشی بۆ دەکەن، کەرکوک ئەو شارە بێت کە هەموو دانیشتوانەکەی بەسەرجەم نەتەوە و پێکهاتەکانەوە دور لە ناکۆکی، بە خۆشەویستی و بەرپرسیارێتییەوە کار بۆ داهاتویەکی پرشنگدارتر بکەن و کەرکوک ببێتەوە بەو شارەی هەموان خەونی پێوەدەبینن.
