بافڵ تاڵەبانی پیرۆزبایی سەرکەوتنی قوتابیانی پۆلی دوازدە دەکات
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پیرۆزبایی لە دەرچووانی پۆلی 12ـی ئامادەیی دەکات و لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیویەتی، لە قووڵایی دڵمەوە پیرۆزبایی لە خوێندكارە سەركەوتووەكانی قۆناغی دوازدەی ئامادەیی دەكەم و هیوای داهاتوویەكی گەشتر و پرشنگدارتریان بۆ دەخوازم.
بافڵ تاڵەبانی دەشڵێت: ئەو خوێندكارانەش كە ئەنجامی دڵخوازی خۆیان بەدەستنەهێنا، دڵنیام بە ئومێد و كۆششێكی زیاترەوە لە هەوڵەكانیان بەردەوام دەبن و بە ئامانجەكانیان دەگەن.
سوپاس و دەستخۆشی ئاڕاستەی خێزان و كەسوكاری خوێندكاران دەكەم كە هەمیشە لە هەوڵی پێگەیاندنی نەوەیەكی داهێنەردان بۆ كوردستان، وەكچۆن دڵسۆزی و خۆڕاگریی مامۆستایان و پەروەردەكاران لەیادناكەین كە سەرباری سەختی و ئاستەنگییەكان، رەوتی پەروەردە و فێركردنیان بەرەوپێشبرد و ئەم مێژووە پرشنگدارەیان نووسییەوە.
سەرۆکی یەکێتیی نوسیویەتی، لە رابردوودا بەشێوەیەكی كرداری لەخزمەت گەنجان و خوێندكارانی خۆشەویستی كوردستاندا بووین، چونكە بڕوای تەواومان بەوە هەبووە گەنجان و لاوانمان گەورەترین سەرمایەی نیشتمانن و داهاتووی كوردستان لەدەستی ئەواندایە. ئێستاش دووپاتیدەكەینەوە بە ئەوپەڕی توانامانەوە هەوڵی بەدیهێنانی ژینگەیەكی لەبارتر و گونجاوتر دەدەین تاوەكو پەرە بە تواناكانیان بدەین و خەونەكانیان بكەن بە راستی.
