بزووتنەوەی گۆڕان کشانەوەی لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند
دانا ئەحمەد، ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆران لە پەیامێکدا ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند، لە کۆبونەوەی نائاسایی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان بە زۆرینەی دەنگ بڕیاردرا، بزوتنەوەی گۆڕان لە هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی خۆجێی بکشێتەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەم بڕیارەمان بەپرس و ڕاوێژ لەلایەن بەرپرس و کەسی شارەزا و لەدەرەوەی گۆران دراوە، و لە هەردوو حكومەتی هەرێم و حكومەتی خۆجێی دەکشێینەوە.
ڕێکخەری گشتی گۆڕان وتیشی: لە ڕابردوودا و ئەزمونی بەشداریمان لە کابینەی 9ـی حکومەتی هەرێم سەرکەوتوو نەبوو، ئەوکارنامەیەی لەلایەن گۆرانەوە ئامادەکرابوو، لەلایەن حکومەتەوە جێبەجی نەکرا.
دانا ئەحمەد مەجید جەختیشیکردەوە، وەک بزوتنەوەی گۆران بەڵێن دەدەین هەڵەکان ڕاست دەکەینەوە، و بە ستراتیجییەکی نوێوە دەگەڕێتەوە مەیدان، بە پەیامی کاک نەوشیروان ڕوو لە خەڵک و دوور لە پۆست و دەسەڵات بەردەوام دەبین.
شایەنی ئاماژەیە، گرنگترین پشکەکانی بزووتنەوەی گۆڕان لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم ئەمانەن: وەزیری دارایی و ئابووری کە ئاوات شێخ جەناب لەو پۆستەیە، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کە کوێستان محەممەد لەو پۆستەیە، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی کە کەمال موسلیم لەو پۆستەیە، هەروەها وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن کە دانا عەبدولکەریم لەو پۆستەیە، لەگەڵ پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە موستەفا سەید قادر لەو پۆستەیە لە بزووتنەوەی گۆڕان.
شایەنی باسە، کشانەوەی بزووتنەوەی گۆڕان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، دوای نزیکبوونی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان دێت کە بڕیارە لە ڕۆژی 20ـی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت و بزووتنەوەکە داوای لێبوردنی لە هەڵکانی کرد و دەڵێت: "دەگەڕێیننەوە سەر ڕێچکەی نەوشیروان مستەفا و بەرەی خەڵک".
