وەزیری ئاوەدانکردنەوە: پابەندی بڕیاری بزووتنەوەی گۆڕان نابم و لە حکومەت ناکشێمەوە
دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە لە حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ شەممە (12ـی تشرینی یەکەمی 2024) ڕایگەیاند، "بڕیاری کشانەوەی بزووتنەوەی گۆڕان لە حکومەت پوچەڵە و کاری پێناکرێت، هەر بۆیە من لە حکومەت ناکشێمەوە و بەردەوام دەبم لە کارکردن".
ئەمەش لە کاتێکدایە سەرجەم وەزیرەکانی دیکەی گۆڕان دەستیان لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم لەکارکێشایەوە، دوای ئەوەی سەرکردایەتی گۆڕان ڕۆژی هەینی ڕابردوو بڕیاریدا لە پڕۆسەی حوکمڕانی بکشێتەوە.
شایەنی ئاماژەیە، گرنگترین پشکەکانی بزووتنەوەی گۆڕان لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم ئەمانەن: وەزیری دارایی و ئابووری کە ئاوات شێخ جەناب لەو پۆستەیە، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کە کوێستان مەحەممەد لەو پۆستەیە، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی کە کەمال موسلیم لەو پۆستەیە، هەروەها وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن کە دانا عەبدولکەریم لەو پۆستەیە کە بڕیاریدا بەو بڕیارەی حیزبەکەی پابەند نەبێت، لەگەڵ پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە موستەفا سەید قادر لەو پۆستەیە لە بزووتنەوەی گۆڕان.
کشانەوەی بزووتنەوەی گۆڕان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، دوای نزیکبوونی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان دێت کە بڕیارە لە ڕۆژی 20ـی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت و بزووتنەوەکە داوای لێبوردنی لە هەڵکانی کرد و دەڵێت: "دەگەڕێیننەوە سەر ڕێچکەی نەوشیروان مستەفا و بەرەی خەڵک".
