21 ئەفسەر و ئەندامی پۆلیس لە خۆپیشاندانەکانی ناوەندی زیقار لە باشووری عێراق برینداربوون
بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای زیقار لە باشووری عێراق ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، کە 21 ئەفسەر و ئەندامی پۆلیس لە خۆپیشاندانەکانی ناوەندی شاری زیقار کە ڕۆژی هەینی بەڕێوەچوو بریندار بوون.
پۆلیس لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت: "بۆ هیچ کەسێک نهێنی نییە کە دەستووری عێراق مافی خۆپیشاندانی ئاشتیانەی مسۆگەر کردووە، ئەرکی هێزە ئەمنییەکانە کار بکەن بۆ پاراستنی خۆپیشاندەران و ڕەخساندنی ژینگەیەکی ئارام بۆ ئەوان بۆ جێبەجێکردنی مافەکانیان بۆ داواکردنی مافە ڕەواکان".
لە بەیانامەکەی پۆلیسی شاری ناسریە، ناوەندی پارێزگای زیقار هاتووە، "کاتژمێر 3ی پاش نیوەڕۆی ڕۆژی هەینی خۆپیشاندانێک لە شاری ناسریە ئەنجامدرا و فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای زیقار بەپێی ئەرکەکانی دەستیکرد بە پاراستنی تەواوی خۆپیشاندەران، بەڵام هەندێک لە ئاژاوەگێڕان هێرشیان کردەسەر ئەو هێزەی کە ئەرکی پاراستنی خۆپیشاندانەکەی پێ سپێردرابوو و لە کاتی خۆپیشاندانەکەدا 3 فەرماندە و 19 ئەفسەر بریندار بوون کە بۆ چارەسەر گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە لەکاتی خۆپیشاندانەکەدا کە کاتژمێر شەشی ئێوارە کۆتایی پێهات".
