نێچیرڤان بارزانی سەرکۆنەی هێرشە چەکداریەکەی ناو ئەنقەرە دەکات "لەگەڵ تورکیا دژ بە تیرۆرستان دەوەستین"
لەدوای هێرشە چەکداریەکەی سەر ناوەندی کۆمپانیای پیشەسازی ئاسمانی لە پایتەختی تورکیا، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکی هاوخەمی ڕایگەیاند، "هێرشە تیرۆریستییەکەی ئەمڕۆی ئەنقەرە ئیدانە دەکەم، سەرەخۆشی و نزاکانم لەگەڵ کەسوکاری قوربانیەکانە و هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازم، ئێمە هاوسۆزی تەواو لەگەڵ گەل و حکومەتی تورکیا دژ بە تیرۆر و تیرۆرستان دەوەستین".
ئەمەش لەکاتێکدا، کاربەدەستانی تورکیا ڕایانگەیاند کە لە هێرشێکدا کە بە "تیرۆریستی" ناساند بۆ سەر ناوەندی کۆمپانیای پیشەسازی ئاسمانی تورکی "توساس" لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، 4 کەس کوژراون و 14 کەسی دیکەش بە سەختی بریندار بوون.
لەمبارەیەوە، پارتی دەم ڕایگەیاند: لە کاتێکدا تورکیا لە چاوەڕوانى پڕۆسەی ئاشتیدایە، رووداوێکى لەمشێوەیە ماناى خۆى هەیە.
وێنە گەورەکە...
ئەم هێرشە کە ناوەندی کۆمپانیای پیشەسازی ئاسمانی سەربازی لە تورکی دا کردە ئامانج کە چەندین قوربان دی لێکەوتەوە هاوکاتە لەگەڵ هەوڵی پرۆسەی ئاشتی نێوان تورکیا لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دێت.
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی گشتی پارتی مەهەپەی تورکیای نەتەوەپەرست سەرەتای ئەم هەفتەیە لەباری پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ پەکەکە ڕایگەیاند، ئەگەر گۆشەگیریی سەر عەبدولڵا ئۆجەلان هەڵبگیرێت، دەبێت بێتە پەرلەمان و لە فراکسیۆنی دەم پارتییەوە بڵێت، خهباتى چهكداریى بەسەرچووە و پێویسته هێزى چهكدار ههڵبوهشێتهوه.
لە گوتاری هەفتانەی خۆیدا له فراکسیۆنی مهههپه، دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا (مهههپه) ڕایگەیاند، تورکیا پێویستی بەپرۆسەیەکی نوێ نییە، بەڵکو پێویستی بەعەقڵی هاوبەش بەهەنگاوی دروست و لەدڵەوەیە.
باخچەلی وتى: "پێویستمان بەپتەوکردنی برایەتیی هەزار ساڵە هەیە و پێویستە برایەتیمان هەبێت، کێشەی تورکیا (کورد نییە)، بەڵکو هێزێكى چهكداره، لەگەڵ چارەسەرکردنی یەک بەیەکی کێشەی برایانی منی کورد دام".
باخچەلی جەختیکردەوە، "نابێت هیچ برایەکی کوردم کە لەم وڵاتە دەژیت، وەکو کێشە نیشان بدرێت، هەرکەسێک بڵێت کێشەی کورد هەیە، پڕوپاگەندەیەکی هاوبەشە کە کورد وەکو کێشەیەک دەبینن، بەڵکو ئەمە درۆیەکە".
دەوڵەت باخچەلی، کە بە نەتەوەپەرستی تورکیا ناسراوە ئهوهشى وت: "بەبڕوای من دەبێت پرسی کورد لە پەرلەمان چارەسەربکرێت و بۆ ئەمەش دەبێت عەبدولڵا ئۆجەلان بێتە پەرلەمان و نەهێشتنی پەکەکە ڕابگەیەنێت".
باخچهلى داوایكردوه، "با ئەو گۆشەگیریەی سەر ئۆجەلان هەڵبگیرێ و بێتە ناو پەرلەمان و لەبەردەم هەموو نوێنەرانی پەرلەمان بڵێ من کۆتاییم بەو ڕێکخستنی پەکەکە هێنا و چەکەکانتان دابنێن، با هەموو تورکیا گوێبیستى ئهم پهیامهى من بێت، ناونیشانى چارهسهرى كێشهكه نە لە قەندیلە نە ئەدرنە، بەڵکو لەئیمڕاڵیه و لەڕێگهی دەم پارتیەوە دەبێت، ئەگەر ئەم ئیرادەیه ههبێت و بڕیار بدرێت و ڕێکاری یاسایی جێبەجێبکرێت و بەشێوەێکی ڕەها ڕێگاکانی لەبەردەم بکرێنەوە، بۆ ئەوەی ئەم پرسە قورسە بەتەواوەتی لەگۆڕێ هەڵگیرێت لە تورکیا، ئهوه لهبهردهستى خۆماندایه".
شایەنی ئاماژەپێدانە، لە ڕۆژی 10ی تشرینی یەکەمی 2024، ڕۆژنامەی "ئەل-مۆنیتۆر"ی ئەمریکی لە زاری سێ بەرپرسی دۆسییەی کورد لەناو حکومەتی تورکیا ڕایگەیاند، "بۆ دەستپێکردنی پڕۆسەی ئاشتی لەنێوان ئەنقەرە و عەبدولڵا ئۆجەلان دامەزرێنەری پارتی کرێکارانی کوردستان، هەنگاوی کردەوەیی بۆ وتوێژ دەستی پێکردوە".
لە هەواڵی ئەلمۆنیتۆر کە پشبەستە بە بەرپرسانی حکومەتی تورکیا، ڕێگە بە عەبدولڵا ئۆجەلان دراوە وتوێژ لەگەڵ بەڕێوەبەرانی پەکەکە لە قەندیل بکات و هەر بەپێی هەواڵەکە، "ئۆجەلان بە بەرپرسە باڵاکانی پەکەکە ڕاگەیاندون، کاتی ئەوە هاتووە دەربارەی دانانی چەک قسەبکەین".
زانیاری زیاتر...
لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی 2024 دۆخێکی نوێی سیاسی لە تورکیا هاتووتە ئاراوە، ئەوەش دوای ئەوە هات یەکی ئەم مانگە و لە رێورەسمی دەستپێکردنی ساڵی نوێی یاسادانان لە پەرلەمانی تورکیا، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی مەهەپەی ڕەگەزپەرستی تورکیا چووە لای تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی کوردی (هەدەپە) و پەرلەمانتارانی ئەو پارتە و تەوقەی لەگەڵ کردن و هەواڵی پرسین.
ئەو تەوقەیە باخچەلی لەگەڵ پەرلەمانتارانی دەم پارتی، مشتومڕێکی گەورەی لە میدیا ناوخۆییەکانی تورکیا درووستکرد، هەر بەوپێیە باخچەلی ڕایگەیاند: "لە سیاسەتدا هیچ شتێک نییە کە نەتوانین لەگەڵ کەس و لایەنێک گفتوگۆی لەسەر نەکەین و چارەسەری نەکەین، پەیوەندی سیاسییمان، شێوازی ڕەق یان نەرممان پەیوەست نییە بە کەسایەتی یەک بە یەکی تاکەکان، بەڵکو سنووردارە بە بیرۆکە و تواناکانی بیرکردنەوەیانەوە".
سەرۆکی پارتی مەهەپەی تورکی ڕەگەزپەرست ئاماژەی بەوەکرد کە وەک ئاشتی سەردانی ڕیزی دەم پارتی باکووری کوردستان کرد و دەستی بۆ تەوقەکردن لەگەڵیاندا درێژ کرد، گوتیشی: "ئەو دەستەی بۆ تەوقەکردن درێژم کرد، پەیامی یەکڕیزیی نەتەوەیی و برایەتیمانە، چرای ڕووناکییە کە وەک مەشخەڵی یەکەم پەرلەمان و گوتارە بەهێزەکەی بەڕێز سەرکۆمارمان دەدرەوشێتەوە، هیوا و داواکاریە کە دەڵێت وەرن ببنە پارتی تورکیا، ڕووبەڕووی تیرۆر ببنەوە، وەرن برایەتی هەزار ساڵە بچەسپێنن، ئێمە لە خۆوە بێ بەهایانە، بەبێزاری و لە پڕو بێ بیرکردنەوە دەست بۆ تەوقە کردن درێژ ناکەین. ئێمە بەبێ هۆکار سڵاو و تەوقە ناکەین".
تاوەکو ئێستاش بەرپرسانی تورکیا و پەکەکە هیچ لێدوانێکی ئاشکرایان لەبارەی هەواڵی دەستپێکردنی گفتوگۆکانی نێوان عەبدولڵا ئۆجەلان و حکومەتی تورکیا و بەرپرسانی قەندیل نەداوە.
كلمات مفتاحية
- نێچیرڤان بارزانی
- هەرێمی کوردستان
- ئەنقەرە
- تورکیا
- پەکەکە
- هێرشی چەکداری ئەنقەرە
- ئاشتی
- دەم پارتی
- باکووری کوردستان
