بافڵ تاڵەبانی: وەزیری دارایی ئاگاداری هیچ داتای فرۆشتنی نەوت نییە و کەس نازانێت پرۆسەی فرۆشتنی چۆنە
ئەمڕۆ چوارشەممە, بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەولێر لە دووەمین رۆژی دیداری مێری- دا کە بەناونیشانی (پەرەسەندنی داینامیکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان: لە چوار ساڵی داهاتوودا چاوەڕوانی چی بکەین؟) وتارێکی لەسەر هەڵبژاردن و پێکهێنانی حکومەت و پەیوەندیەکان لەگەڵ بەغدا پێشەکەشکرد.
لەو دیدارە کە نزیکی کاتژمێرێکی خایاند، بافڵ تاڵەبانی وتی: "یەکێتیی تێبینی هەیە و پێداچوونەوە بە بارودۆخەکەدا دەکەین، هەرگیزیش پەشیمان نابینەوە لەو بەڵێن و قسانەی کە کردوومانە، لەگەڵ ئەوەشداین خەڵکی هەرێمی کوردستان متمانەیان بە دامەزراوەکان نەماوە، بۆیە پێویستە دامەزراوەی راستەقینە دروستبکەین نەک بیروبۆچوونی کەسێک دامەزراوەیەک بەڕێوەببات".
بافڵ تاڵەبانی زۆر لەسەر وەزارەتی دارایی راوەستاو باسی لەوەکرد کە پرۆژەیان هەیە و دەبێت چاکسازی لەو بوارەدا بکرێت و ئاماژەی بۆ نەبوونی چەند ساڵەی یاسای بوودجە کرد، هەروەها لە بارەی شەفافیەتی داراییەوە وتی: "وەزیری دارایی ئاگاداری هیچ داتایەکی فرۆشتنی نەوت نییە و کەس نازانێت پرۆسەی فرۆشتنی نەوت چۆنە، پێم وانییە بەباسکردنی داهاتی نەوت یەکڕیزی کورد تێکبچێت".
لەبارەی یەکنەگرتنەوەی هێزی پێشمەرگەوە وتی: "یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و دروستبوونی هێزێکی کوردستانی بەرنامەی مام جەلال بوو، بەڵام پارتی لەپێناو بەرژەوەندی خۆی ئەمەی ناوێت، بەڵکو دەیەوێت زاڵبێت بەسەر هێزەکانی پێشمەرگەدا، کە ئەمە دژی ئەو رێککەوتنەوەشە کە لەگەڵ ئەمریکییەکان کردویانە".
لەمیانەی قسەکانیدا سەرۆکی یەکێتیی وتیشی: "یەکێتسی لەڕکابەری ناترسێت و هەموومان پێویستمان بەیەکترییە و دەبێت رێز لەیەکتر بگرین".
