پۆلەندا خوازیاری ئەوەیە پەیوەندی و دۆستایەتیی لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە بواری پەروەردە و خوێندنی باڵا پەرەبستێنێت
مەسعود بارزانی لەگەڵ باڵیۆزی پۆلەندا لە عێراق کۆدەبێتەوە.
ڕۆژی یەکشەممە لە سەلاحەددین مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازی لە مارجن کوبیاک باڵیۆزی پۆلەندا لە عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا باڵیۆزی پۆلەندا لە عێراق پیرۆزبایی سەرکەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و سەرکەوتنی پارتی دیموکراتی کوردستان وەک براوەی یەکەم لە مەسعود بارزانی کرد.
ڕاشیگەیاندووە کە وڵاتەکەی بە بایەخێکی زۆرەوە سەیری ڕۆڵی هەرێم لە عێراق و ناوچەکەدا دەکات و پۆلەندا خوازیاری ئەوەیە پەیوەندی و دۆستایەتیی لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە بواری پەروەردە و خوێندنی باڵا و کشتوکاڵ و بوارەکانی تر پەرەبستێنێت.
مەسعود بارزانی لەکاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ باڵیۆزی پۆلەندا ڕایگەیاند، بەشداری گەلی کوردستان بە ڕێژەیەکی بەرچاو لە هەڵبژاردن و لە کەشێکی ئارامدا سەری هەموومانی بەرز کردەوە. ئەوەشی خستەڕوو کە هەروەکچۆن هەڵبژاردن سەرکەوتوانە بەڕێوەچوو، قۆناغی پێکهێنانی حکوومەت و دانوساندنی لایەنەکان بە سەرکەوتوویی دەگاتە ئەنجام و ڕاشیگەیاند خوازیاری پێکهاتنی حکوومەتێکی بنکەفراوانین ئەویش بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن.
هەر لەو دیدارەدا سەردانی ئەم دواییەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان و هەروەها هەوڵەکان بۆ پاراستنی سەقامگیریی عێراق و دوورخستنەوەی عێراق لە مەترسییەکانی داهاتوو و هاوکێشەکانی ناوچەکە، گفتوگۆیان لەبارەیەوە کرا.
كلمات مفتاحية
- پۆلەندا
- باڵیۆزی پۆلەندا
- پارتی
- خوێندنی باڵا
- هەرێمی کوردستان
- مەسعود بارزانی
- هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
