مەسعود بارزانی: لە هەرێمی كوردستان باوەڕمان بەوەیە كێشەكان بە گفتوگۆ چارەسەر بكرێن
بە بەشداری کۆمەڵێک سەرکردە و کەسایەتییە سیاسییەکانی کوردستان و ناوچەکە لە کۆڕبەندی مێپس لە شاری دهۆک، مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، لەوتارێكدا لە كۆڕبەندی مێپس، كە لە دهۆک بەڕێوەدەچێت، رایگەیاند: تاكە رێگە بۆ گەیشتن بە چارەسەری كێشەكان، ئاشتی و گفتوگۆیە، ئەگەر نییەت و ئیرادە هەبێت، كێشەكان بەتەواوی چارەسەر دەكرێن، هەروەها نابێت عێراق ببێتە بەشێک لە گرژییەكانی ناوچەكە.
سەرۆکی پارتی دەشڵێت: لە چەند رۆژی داهاتوودا دوای بەفەرمی راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن لەلایەن كۆمسیۆنەوە، دەست بە گفتوگۆ دەكرێت لەنێوان سەرجەم لایەنەكان بۆ دەستبەكاربوونی پەرلەمان و دواتر هەنگاوەكانی تریشی بەدوادادێت، ئومێدەوارین لە داهاتوودا یەک هەرێم، یەک پەرلەمان، یەک حكومەت و یەک هێزی پێشمەرگە لە كوردستان هەبێت، لە هەرێمی كوردستان باوەڕی تەواومان بەوەیە كێشەكان بە گفتوگۆ چارەسەر بكرێن.
