عێراق هاوڵاتییەکی کوێتی داواکراو لە کوێت دەستگیر دەکات و ڕادەستی دەسەڵاتدارانی کوێتی دەکات
کاربەدەستانی وڵانی کوێت ڕۆژی چوارشەممە ڕایانگەیاند کە "سەلمان ئەلخالدی" داواکراویان لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراقەوە وەرگرتووە پاش ئەوەی بەرەو بەغدا ڕۆیشتووە و لە بەغداد لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراقەوە دەستگیرکراوە.
وەزارەتی ناوخۆی کوێت لە بەیاننامەیەکدا کە هاوپێچی وێنەیەکی سەلمان ئەلخالدی لە کوێت بڵاوکرایەوە، ڕایگەیاند: "لە دەستکەوتێکی ئەمنی کە ڕەنگدانەوەی بەهێزی هاوکاری نێودەوڵەتی و هەماهەنگی هەوڵەکانی نێوان وڵاتانی دۆست دەکات، کەرتی ئاسایشی تاوان لە وەزارەتی ناوخۆ بە نوێنەرایەتی بەشی ئینتەرپۆل توانیویەتی تۆمەتباری هەڵاتووی دەرەوەی کوێت بە ناوی سەلمان ئەلخالدی دەستگیر بکات کە 11 سزای زیندانی بەسەردا سەپێنراوە و لە بواری عەرەبی و نێودەوڵەتیدا لەسەر بنەمای بڕیاری دادوەری بڵاوکرایەوە و ئەو نووسراوە بۆ هەموو وڵاتان نێردراوە بۆ دەستگیرکردنی و ڕادەستکردنەوەی بۆ کوێت".
لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی کوێت هاتووشە: "ڕووداوەکە بە چاودێریکردنی تۆمەتبارەکە لەنێو عێراق دەستیپێکرد و دەستبەجێ تیمێکی ئاسایشی تایبەت لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی تاوانی عەرەبی و نێودەوڵەتی (ئینتەربۆل) پێکهێنا بۆ هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراقی و باڵیۆزخانەی کوێت لە عێراق و بەهۆی هاوکاری نزیکی نێوان هەردوولا، تۆمەتبار سەلمان ئەخالدی پێش ئەوەی هەڵبێت دەستگیرکرا و ڕادەستی کوێت کرا بۆ تەواوکردنی ڕێوشوێنە یاساییەکانی دژی".
جێی سەرنج بوو، کە وەزیری ناوخۆی کوێت و جێگری یەکەمی سەرۆک وەزیران شێخ فەهد ئەلیوسف خۆییان بۆ وەرگرتنی سەلمان ئەلخالدی چوونەتە سەر سنووری کوێت لەگەڵ عێراق بۆ وەرگرتنی ئەو هاوڵاتییە کوێتیە لە دەسەڵاتدارانی عێراقەوە.
سەلمان ئەلخالدی کێیە...؟!
سەلمان ئەلخالدی هاوڵاتییەکی کوێتیە ناسراوە بە وتارەکانی دژی حکومەتی کوێت و دەسەڵاتدارەکانی، هەروەها بە ئۆپۆزسیۆنێکی سەرسەخت بۆ حکومەت و میر و دەسەڵاتدارانی کوێت ناسراوە، چەندین ساڵە لە وڵاتی بەریتانیا دەژیت و خوێندکار بووە، دواجار مافی پەنابەری سیاسی لە بەریتانیا وەرگرتووە و پاسەپۆڕتی ئەو وڵاتەی پێدراوە، دوای ئەوەی وڵاتی کوێت ڕەگەزنامەی کورتی لەسەر هەڵوەشاندەوە بەهۆی ڕەخنە بەردەوامەکانی بەرامبەر دەسەڵاتدران و میر و حکومەتی وڵاتەکەی.
دواجار لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سەلمان ئەلخالدی بە سەردان چووەتە عێراق و لە بەغدادی پایتەخت لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراق دەستگیرکرا و ڕادەستی کوێت کرایەوە، بۆ جێبەجێکردنی بڕیارە دادوەرییەکانی کوێت کە لە دژی دەرکراوە.
