دۆناڵد ترەمپ ئامادەکاری دەکات بۆ ئەنجامدانی کۆبونەوەیەک لەگەڵ ڤلادیمیر پوتن
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئامادەکاری دەکات بۆ ئەنجامدانی کۆبونەوەیەک لەگەڵ ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ووسیا بۆ "کۆتاییهێنان" بە شەڕی ئۆکرانیا.
دۆناڵد ترەمپ پێش کۆبونەوەی لەگەڵ پارێزگارەکانی کۆمارییەکان لە شوێنی نیشتەجێبونی خۆی لە مار ئا لاگۆ لە پاڵم بیچ لە ویلایەتی فلۆریدا وتی، "ئەو (ڤلادیمیر پوتن) دەیەوێت کۆببێتەوە، ئێمەش لە پڕۆسەی ڕێکخستنی ئەو بابەتەداین"، بهڵام وتی، هیچ خشتەیەکی کاتی بۆ دانوستانەکان دانەنراوە.
گەڕانەوەی چاوەڕوانکراوی ترەمپ بۆ کۆشکی سپی لە 20ی ئهم مانگهدا، هیوای گەیشتن بە چارەسەرێکی دیپلۆماسی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکرانیا کە لە شوباتی 2022 دەستیپێکردوە، زیندودەکاتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا ترس لە کیێڤ دروست دەکات کە گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی خێرا بۆ ئاشتی ڕەنگە ئۆکرانیا نرخێکی قورس بدات.
ڕاوێژکارانی ترەمپ پێشنیاریان خستوەتەڕو بۆ کۆتاییهێنان بەو شەڕە کە بەشێوەیەکی کاریگەر بە مانای تەسلیمکردنی بەشە گەورەکانی ئۆکرانیا دەبێت بۆ ڕوسیا لە ئایندەیەکی نزیکدا.
ترەمپ لەبارەی شەڕی نێوان ڕوسیا و ئۆکرانیا لێدوانی دا و وتی، "سەرۆک پوتن دەیەوێت ئێمە یەکتر ببینین، تەنانەت بە ئاشکرا ئەو قسەیەی کردوە، دەبێت کۆتایی بەو شەڕە بهێنین، ئەوە گێژاوێکی خوێناوییە".
لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕ لە ئۆکرانیا، ئەمریکا بە سەرکردایەتی جۆو بایدن، سەرۆکی دیموکراتەکان، بەڵێنی داوە زیاتر لە 175 ملیار دۆلار وەک هاوکاری پێشکەش بە ئۆکرانیا بکات، کە زیاتر لە 60 ملیار دۆلار لە شێوەی هاوکاری ئەمنیدایە.
بەڵام تا ئێستا دڵنیایی نییە کە ئایا هاوکارییەکان لە سەردەمی ترەمپدا بە هەمان خێرایی بەردەوام دەبن یان نا، کە ترەمپ دەڵێت دەیەوێت بە خێرایی کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت.
دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کرێملین پێشتر ڕایگەیاندوه، کە پوتین پێشوازی لە خواستی ترەمپ دەکات بۆ بەستنی پەیوەندییەکان، بەڵام تا ئێستا هیچ داواکارییەکی فەرمی نەکراوە، ئاماژەی بەوەشکرد، لە سەرەتادا چاوەڕوانی دەستبەکاربونی ترەمپ بکرێت لە جێی خۆیدا.
ڤۆلۆدیمیر زلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، ترەمپ دەتوانێت ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە بگێڕێت لە دیاریکردنی دەرئەنجامی شەڕی 34 مانگە لەگەڵ ڕوسیا و یارمەتی ڕاگرتنی پوتن بدات.
