حەوت کۆچبەری نایاسایی کە لە بەلەمێکی پلاستیکیدا بوون لە نزیک دەریای ئیجەخنکاون
هێزەکانی کەنار دەریای تورکیا رایانگەیاند، حەوت کۆچبەری نایاسایی کە لە بەلەمێکی پلاستیکیدا بوون، لە نزیک دەریای ئیجە لە کەنارە ئاوییەکانی خۆرئاوای تورکیا خنکاون.
بەگوێرەی میدیای تورکیا، لە کاتێکدا هێزەکانی کەنار دەریا ویستوویانە رێ لەو بەلەمە بگرن، کۆچبەرەکان خۆیان هەڵداوەتە ناو دەریاکەوە و بەوهۆیەشەوە خنکاون.
شوێنی رووداوەکە دەکەوێتە 15 کیلۆمەتر دوور لە دوورگەی سامۆسی یۆنان، دواتر هێزە دەریاییەکانی تورکیا تەرمەکانیان دەرهێناونەتەوە.
هێزەکانی کەنار دەریای تورکیا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەلەمەکە 38 کۆچبەری تێدا بووە، 13 کەسیان منداڵ بوون و جگە لەو حەوت کەسە، سەرجەمیان رزگار کراون و پرۆسەی گەڕان بە شوێن کۆچبەری دیکەدا کۆتایی هاتووە.
بەهۆی بەردەوامیی هەوڵەکانی پەڕینەوەی کۆچبەران لە رێگەی دەریاوە بۆ ئەوروپا، ناوبەناو رووداوی ژێرئاوکەوتنی بەلەمی کۆچبەران بووەتە دیاردە و لە ئێستادا کەناراوەکانی تورکیا، یەکێکە لە ناوچە مەترسیدارەکانی رێڕەوی کۆچ.
بەگوێرەی راپۆرتی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، لە ساڵی 2024دا 2 هەزار و 332 کۆچبەر لە دەریای ناوەڕاستدا و لە رێگەی کۆچ بۆ ئەوروپا خنکاون.
