هەرێم: پەستانی غاز بۆ ویستگەکانی غازی بەرهەمهێنانی کارەبا ئاسایی بوەوە
وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، دوای كەمبونەوەی پەستانی غاز لە كێڵگەی كۆرمۆر و كەمبونەوەی كارەبا، لە کاتژمێر 8:00ی بەیانییەوە پەستانی غاز بۆ ویستگەکانی غازی بەرهەمهێنانی کارەبا ئاسایی بوەوە و ئێستا 3750 مێگاوات کارەبا بەرهەمدێت.
وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم، ئەمڕۆ شەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە کاتژمێر 8:00 بەیانییەوە پەستانی غاز بۆ ویستگەکانی غازی بەرهەمهێنانی کارەبا ئاسایی بووەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، کۆمپانیای دانەغاز چاکسازییەکانی لە کێڵگەی کۆڕمۆڕ تەواو کرد و ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا ئاسایی بوەوە و ئێستا 3750 مێگاوات کارەبا بەرهەم دێت.
ئەوە لەكاتێكدایە شەوی ڕابرد وەزارەتی كارەبا لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، هاوبەشانی کارەبا ئاگادار دەكەینەوە لە چوارچێوەی پەرەپێدانی كێڵگەی كۆرمۆر بۆ بەرهەمهێنانی غاز، بۆ ماوەی 10 كاتژمێر پەستانی غاز كەمبوەتەوە و بەهۆیەوە 750 مێگاوات كارەبا كەمبوەتەوە.
