سودانی: جەختی لە بەردەوامبوونی عێراق کردەوە بۆ نەهێشتنی باندە تیرۆریستییەکان
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی جەختی لە بەردەوامبوونی عێراق کردەوە بۆ نەهێشتنی باندە تیرۆریستییەکان.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران تیایدا هاتووە"سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سودانی، ئەمڕۆ یەکشەممە پێشوازی کرد لە فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش لە عێراق و سوریا جەنەراڵ کێڤن لیهی بە ئامادەبوونی بەرپرسی کاروباری ئەمریکا لە عێراق دانیال روبینستین.
وتیشی لە میانی دیدارەکەدا پێداچوونەوە بە دۆخی گشتی ئەمنی ناوچەکە کرا لەگەڵ بەردەوامبوون لە هاوکارییەکانی نێوان هێزە ئەمنییەکانی عێراق و ڕاوێژکارانی هاوپەیمانان بۆ بەدواداچوون بۆ پاشماوەکانی تیرۆرستانی داعش.
لە بەشێکی تری دیدارەکەدا سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق جەختی لە بەردەوامبوونی عێراق کردەوە بۆ نەهێشتنی باندە تیرۆریستییەکان، کە چیتر پێگە و پەیوەندییان لەگەڵ دانیشتواندا نەماوە، ئاماژەی بە ئەوەکرد کە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بەدەست هاتووە لە ڕووی کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانی عێراق و دەستەبەرکردنی مەیدانی و تەکنیکی بۆ ئەو ناوچانەی کە دەروازەیەک بوون بۆ پەڕینەوەه گروپە تیرۆریستییەکان.
هەر لە دیدارەکەدا جەخت کرایەوە لەسەر پابەندبوونی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەرامبەر عێراق و بەردەوامبوون لە بەرنامە هاوبەشەکان و خستنەڕووی ئاستی ئەو توانا و کۆنترۆڵەی کە هێزە چەکدارەکانی عێراق لە پێکهاتە جۆراوجۆرەکانیاندا پێی گەیشتوون، و توانای هەواڵگری پێشوەخت کە لەگەڵ هەموو بڵاوەپێکردنە ئەمنییەکاندا لەگەڵیاندایە، جگە لە پەرەپێدانی تواناکانی ڕاونانی هەر چالاکیەکی تاوانکاری یان تیرۆریستی سنووربەزێن.
