مامۆستایانی ناڕازی : پڕۆژەی هەژماری من بە هەمو شێوەیەك ڕەتدەكەینەوە
عادل حەسەن، نوێنەری ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی هەرێم ڕایگەیاند،هەژماری من، ڕەتدەكەینەوە و داواكارین بە زوترین كات لقەكانی بانكی ڕەشید و ڕافیدەین لە هەرێم بكرێنەوە و موچەكانمان لەڕێگەی بانكە فیدڕاڵیەكانەوە دابەش بكرێت".
عادل حەسەن، ئەمڕۆ شەممە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە مەیدانی تەحریری بەغدا ڕایگەیاند، لە ئێستادا هەوڵ و گفتوگۆ هەیە بۆ چارەسەری پرسی موچە، بەڵام تاكو ئێستا هەوڵەكان بێ ئەنجامن، بۆیە ئەوان وەك ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی هەرێمی كوردستان، دو ڕۆژە لە بەغدان بۆ ئەوەی بەداواداچون بۆ ئەو پرسە بكەن، هەروەها گرفت و كێشەكانی ئاراستەی بەرپرسانی بەغدا بكەن.
ئاماژەی بەوەشكرد، داواكارن بە زوترین كات چارەنوسی موچەی مانگی كانونی یەكەمی ساڵی ڕابردو، لەگەڵ مانگی كانونی دوەمی ئەمساڵ یەكلابكرێنەوە و بە زوترین كات دابەشبكرێن.
عادل حەسەن باسی لەوەشكرد، "پڕۆژەی هەژماری من بە هەمو شێوەیەك ڕەتدەكەینەوە و داوا دەكەین موچەكانمان هاوشێوەی موچەخۆرانی بەغدا لەڕێگەی بانكە فیدڕاڵیەكانەوە دابەش بكرێت، هەروەها بە زوترین كات لقەكانی بانكی ڕەشید و ڕافیدەین لە هەرێمی كوردستان بكرێنەوە".
ئەوەشی خستەڕو، لە هەمواری پڕۆژە یاسای بودجەدا بڕە پارەیەك تەرخابكرێت بۆ گێرانەوەی ئەو موچانەی كە پاشاكەوت كراون، لەگەڵ دەسپێكردنەوەی پلە بەرزكردنەوەی موچەخۆرانی هەرێم.
