ئەعرەجی: عێراق کار بۆ پتەوکردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە دەکات
ئەمڕۆ پێنجشەممە، قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی پشتڕاستیکردەوە، کە عێراق کاردەکات بۆ پتەوکردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە بە شێوەیەک کە باڵاترین ئاستەکانی ڕێزگرتن لە یەکتر لەگەڵ وڵاتانی جیهان بەدیبهێنێت.
لە ڕاگەیەندراوێکدا کە نووسینگەی ڕاگەیاندنی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی بڵاویکردووەتەوە، تێیدا هاتووە "قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی لە نووسینگەکەی پێشوازی لە حەسەن محەمەد زەمان باڵیۆزی دەوڵەتی کوێت لە بەغدا کردووە".
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، "ئەعرەجی لەگەڵ باڵیۆزی کوێت تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی گۆڕەپانی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیی کرد، هەروەها پەرەپێدانی پەیوەندیی برایەتی نێوان هەردوو وڵات و گەلی برا تاوتوێ کران، بە شێوەیەک کە بەرژەوەندی هاوبەشی هەردوو وڵات بەدیبهێنێت".
ئەعرەجی بۆ باڵیۆزی کوێت جەختی لەوە کردەوە کە "عێراق کار بۆ پتەوکردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە دەکات لە ڕێگەی هاودەنگیی و لێکنزیکبوونەوە لەگەڵ برایان و دۆستان، و بە شێوەیەک کە باڵاترین ئاستی ڕێزگرتنی یەکتر لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و جیهان بەدیبهێنێت".
