بەهۆی پێشێلکردنی یاساکانی دژە قۆرخکاری..چین لێکۆڵینەوە لە گوگڵی ئەمریکا دەکات
چین لێکۆڵینەوە لە کۆمپانیای گوگڵی ئەمریکا دەکات، بەهۆی پێشێلکردنی یاساکانی دژە قۆرخکاری، دوای ئەوەی واشنتن بە بڕی 10% باجی لەسەر بەرهەمە چینییەکان زیادکرد.
سێشەممە، 4ـی شوباتی 2025، ئیدارەی پەکین بۆ رێکخستنی بازاڕ رایگەیاند، کۆمپانیاکە "گومانی پێشێلکردنی یاسای دژە قۆرخکار"ی لێدەکرێت.
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، دەستیانکردووە بە لێکۆڵینەوە لە پابەندبوونی گوگڵ بە یاساکەوە و زانیاری زیاتری لەبارەی تۆمەتەکانی گوگڵەوە باس نەکرد.
بزوێنەری گەڕانی گوگڵ و زۆرێک لە خزمەتگوزارییەکانی لە چین بلۆککراون، گوگڵیش لە ساڵی 2011ـەوە بزوێنەری گەڕانی زمانە چینییەکەی لە چینەوە بۆ هۆنگ کۆنگ گواستەوە.
لە ساڵی 2014، چین خزمەتگوزاریی جیمەیڵ کە کۆتا خزمەتگوزاریی گوگڵ بوو لە وڵاتەکە قەدەغەکرد.
تۆمەتەکانی چین بەرامبەر گوگڵ، لەکاتێکدایە ئەمریکا رۆژی شەممە، 1ـی شوباتی 2025، رێوشوێنی بەرفراوانی بەرامبەر هاوبەشە بازرگانییە گەورەکانی راگەیاند، کاڵاکانی چین رووبەڕووی 10% باجی زیاتر دەبنەوە لەسەرووی باجەکانی ئێستا.
ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانجی ئەو رێوشوێنانە، سزادانی وڵاتانە بەهۆی ئەوەی نەیانتوانیوە هاتنی کۆچبەرانی نایاسایی و ماددە هۆشبەرەکان بۆ ناو ئەمریکا رابگرن.
