خولی ئەڵمانیا.. لیڤەرکوزن دوو خاڵی گرنگی لەدەستدا و دۆرتمۆندیش دۆڕا
لە خولی ئەڵمانیا لیڤەرکوزن دوو خاڵی گرنگی لەدەستدا و بەرامبەر فۆلفسبۆرگ بەبێ گۆڵ یەکسانبوو دۆرتمۆندیش بە شتوتگارت دۆڕا.
لە یارییەکانی هەفتەی 21ی خولی ئەڵمانیا، یانەی بایەر لیڤەرکوزن لە دەرەوەی یاریگای خۆی بووە میوانی فۆلفسبۆرگ.
تایمی یەکەم، هەردوولا بە بەهێزییەوە دەستیانپێکرد و لە خولەکی هەشت یانەی خاوەن یاریگا گۆڵێکی تۆمارکرد، بەڵام دوای گەڕانەوە بۆ ڤار گۆڵەکە رەتکرایەوە و تایمی یەکەم بەبێ گۆڵ کۆتایی هات.
لە تایمی دووەمدا، یاریزانانی ئەلۆنسۆ کۆنترۆڵی یارییەکەیان کرد بەڵام نەیانتوانی گۆڵ تۆماربکەن، لە بەرامبەردا فۆلفسبۆرگیش چەند جارێک نزیکبوون لە تۆماری گۆڵ بەڵام سەرکەوتوو نەبوون.
سەرەنجام یارییەکە بەبێ گۆڵ و بە خاوێنی کۆتایی هات، بەم ئەنجامە لیڤەرکوزن بە کۆکردنەوەی 46 خاڵ لە پلەی دووەم مایەوە و فۆلفسبۆرگ بە 30 خاڵ پلەی نۆیەمی گرتووە.
لە یارییەکی دیکەی هەمان هەفتەش بروسیا دۆرتمۆن لە یاریگا و بەردەم هاندەرانیدا بە گۆڵێک بەرامبەر بە دوو گۆڵ بە شتوتگارت دۆڕا.
