رۆناڵدۆ گرێبەستەکەی لەگەڵ نەسڕ نوێدەکاتەوە تا ساڵی 2026
رۆناڵدۆ گەیشتوەتە رێکەوتنی کۆتایی و گرێبەستەکەی لەگەڵ نەسڕ نوێدەکاتەوە تا ساڵی 2026.
کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ دەیەوێت لە تۆپی پێی سعودیە بەردەوام بێت و وەک پێشتریش رایگەیاندبوو ناگەڕێتەوە بۆ ئەوروپا، لە ئێستاشدا نیازی وایە گرێبەستەکەی بۆ ساڵێکی تری نوێبکاتەوە کە گرێبەستی ئێستای لە مانگی حوزەیرانی 2025 کۆتایی پێدێت.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی ریازییە، بەڕێوەبەرانی یانەی نەسر لەگەڵ کریستیانۆ ڕۆناڵدۆی ئەفسانەی پورتوگالی گەیشتوونەتە ڕێککەوتن بۆ ئەوەی گرێبەستەکەی بۆ ماوەی ساڵێکی دیکە درێژ بکەنەوە، وە ئەگەری درێژکردنەوەی ئەم گرێبەستە بۆ ساڵی دووەمیش هەیە.
سەرچاوەکانی ریازییە ڕەتیانکردەوە وردەکاری دارایی گرێبەستە نوێیەکە بخەنەڕوو، بەڵام سەرچاوە نافەرمییەکان باس لەوەدەکەن، گرێبەستەکە هاوشێوەی گرێبەستەکەی پێشوو دەبێت و گۆڕانکارییەکی کەمی تێدا ڕوودەدات.
ڕۆناڵدۆ تا ئێستا 88 گۆڵی لەگەڵ یانەی نەسر تۆمارکردووە و خاوەنی ژمارەی پێوانەیی مێژوویی زۆرترین گۆڵە لە یەک وەرزی خولی سعودیە، وە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر تەمەنی بوو بە 40 ساڵ و یەکەم گۆڵی خۆی لە دەیەی نوێدا لە یارییەکەی هەینی بەرامبەر یانەی فەیحە تۆمارکرد.
