پۆلیسی هەولێر خۆپشاندانی مامۆستایان بە شێواندنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دادەنێت
بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاندووە، دوای ئەوەی چەند لایەنێکی دەرەوەی هەرێمی کوردستان هەوڵی شێواندنی دۆخی ئاسایشی هەرێمی کوردستانیان دا، بەڕێوەبەرایەتیەکەمان بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر گەیشتە هەندێک دەرئەنجام و هەندێک لەو کەسانەی وەکو ئامرازی برەوپێدانی ئەو هەڵمەتە ناڕەوایە دەستنیشان کران (خۆپشاندانی مامۆستایانی سلێمانی)، یەکێکیان دەستگیرکرا و لە کاتێکی نزیکدا وردەکاریی زیاتر بۆ رای گشتی دەخرێتەڕوو.
زانیاری زیاتر...
بەیانی ڕۆژی یەکشەممە 9ـی شوباتی 2025، بەشێک لە مامۆستایانی مانگرتوو و ناڕازی بەرەو شاری هەولێر بەڕێککەوتن بۆ گەیاندنی دەنگیان و بڕیاریان دابوو لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم خۆپشاندان بکەن.
بەڵام لە بازگەکانی سنووری پارێزگای هەولێری پایتەخت و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕێگریان لێکرا و ئومێد خۆشناو، ئەندامی پارتی و پارێزگاری هەولێر لە لێدوانێکی بۆ ڕۆژنامەوانان، ڕۆژی یەکشەممە گوتوویەتی: "هەولێر تاقەتی نییە پێشوازی لە میوانی ڕەزاگران بکات و پێشوازی لەو جۆرە کەسانە بکات"، ئەوەش وەک ئاماژە بۆ مامۆستایانی ناڕازی سلێمانی کە بڕیاربوو درێژە بە ناڕەزایەتییەکانیان بدەن و بەرەو هەولێر بڕۆن، بۆ داواکردنی مافەکانیان و چارەسەری ڕیشەیی بۆ کێشەی مووچەو شایستە داراییەکانیان.
ئەمەش لەکاتێکدا ئەمڕۆ سێشەممە، ماوەی 15 ڕۆژە مامۆستایانی سلێمانی مانیان لە خواردن گرتووە و تەندروستی هەندێکیان خراپە و بەشێکیان ڕەوانەی نەخۆشخانەکان کراوەن بەهۆی تێکچوونی بارودۆخی تەدروستیان، لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوامن لە خۆپشاندان.
بڕیاریشە ئەمڕۆ سێشەممە، کاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆ، مامۆستایانی مانگرتوو و ناڕازی سلێمانی کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی ببەستن بۆ خستەڕووی کۆمەڵێک لە داواکاریەکانیان، لەهیوای ئەوەی حکومەتی کابینەی نۆیەمی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەت و بەرپرسان لە داوکاری و مافەکانیان بڕوانن، کە سەرەڕای تێپەڕبوونی 15 لە خۆپشاندان حکومەتی هەرێم بێباکانە لە حاڵیان دەڕوانێت، هەروەها حکومەتی هەرێم چەند جارێک مامۆستایانی خۆپشاندەر و مانگرتوو تۆمەتبار کرد بە هاوکاری (پەکەکە) و گرووپە چەکدارەکانی عێراقی.
كلمات مفتاحية
- پۆلیسی هەولێر
- هەرێمی کوردستان
- پارتی دیموکراتی کوردستان
- کوردستان
- مامۆستایانی مانگرتوو
- مامۆستایانی ناڕازی
