بارزانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی بەریتانیا كۆبووەوە
لە درێژەی دیدار و كۆبوونەوەكانیدا لە كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ دەیڤید لامی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا كۆبووەوە.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی هەرێم لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە:"لە كۆبوونەوەكەدا پەیوەندییەكانی بەریتانیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان تاوتوێ كران، هەروەها باسیان لە چۆنیەتیی بەهێزكردنی هاوكاریی لە بواری سیاسی، ئەمنی و ئابووریدا كرد".
نێچیرڤان بارزانی پێزانینی خۆی بۆ پشتگیریی بەردەوامی بەریتانیا لە عێراق و هەرێمی كوردستان دەربڕی، بەتایبەتی لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پەرەپێدانی دامەزراوە ئەمنییەكاندا، هەروەها جەختی لەسەر گرنگیی بەردەوامیی ئەم پشتگیرییە كردەوە بۆ دەستەبەركردنی سەقامگیری لە ناوچەكەدا.
لای خۆیەوە دەیڤید لامی پابەندیی شانشینی یەكگرتووی بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە و ڕایگەیاند بەریتانیا لە پشتگیریكردنی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت، هەروەها ئاماژەی بە گرنگیی هەماهەنگیی هاوبەش لە پرسە هەرێمایەتییەكان و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ئەمنی و ئابوورییەكان كرد.
هەڵبژاردنی پەرلەمان و هەوڵەكانی پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی هەرێمی كوردستان، دۆخی سووریا و پێشهاتە هەنووكەییەكانی ناوچەكە، لەگەڵ چەند پرسێكی دیكەی جێی بایەخی هاوبەش، تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.
