دوای سزای دەستەی پەیوەندیی لە تەواوی پارێزگاکانی عێراق هێڵی کۆڕەک تیلیکۆم بەتەواوەتی راگیرا
لە تەواوی پارێزگاکانی عێراق هێڵی پەیوەندی کۆڕەک تیلیکۆم بەتەواوەتی راگیرا.
دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا شەوی دوێنێ سێشەممە کە باسی لەوە کردبوو دەبێت، دەستبەجێ ئینتەرنێتی هێڵی کۆڕەک رابگیرێت و کۆمپانیاکە قەرزەکانی بداتەوە، ئێستا لە تەواوی پارێزگاکانی باشووری عێراق هێلی کۆڕەک وەستاوە و ناتواندرێت تەلەفۆنی پێبکرێت یان خزمەتگوزاری ئینتەرنێتی پێ بەکاربهێنن؛ لەئێستادا هێڵەکە تەنیا لە هەرێمی کوردستان کاردەکات و ئەم کارکردنەیشی سنووردارە (تەنها پەیوەندی کۆڕەک بۆ کۆڕەک)ـە، ئەمەش دوای ئەوەی پێشتر دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق سزای ڕاگرتنی پەیوەندی کۆمپانیاکە لەگەڵ سیمکارتەکانی تر سەپاند تا گەڕانەوەی قەرزەکانی.
بەمەش، دوای سزای نوێی دەستەی پەیوەندییەکانی عێراق، کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم بۆ پەیوەندی و خزمەتگوزاری هاوشێوە، کە خاوەندارێتی دەگەڕێتەوە بۆ سیروان بارزانی، لە 15 پارێزگای عێراق ڕاگیرا و لە هەرێمی کوردستان کارکردنی سنووردار کرایەوە تەنها لە (کۆڕەک بۆ کۆڕەک)، بەهۆی نەدانی قەرزەکانی بۆ حکومەت و خەزێنەی عێراق کە بە زیاتر لە یەک ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت.
پێشتر، سەرۆکی فراكسیۆنی ئەشەرقەی کانون لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پەرلەمانتار باسم غەرابی، لە ڕۆژی (2ـی تشرینی دووەمی 2023) فشاری سەر کۆمسیۆنی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق ئاشکرا کرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم و ئازادکردنی لەوەی قەرزەکانی بدات بۆ خەزێنەی دەوڵەت.
پەرلەمانتار باسم غەرابی لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاندبوو، "لە ئێستادا کێشەی جددی و فشار دەخرێتە سەر کۆمسیۆنی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان بەمەبەستی گفتوگۆکردن و نەدانی قەرزەکانی کۆمپانیای کۆڕەک بۆ خەزێنەی دەوڵەت"، ئاماژەی بەوەشکردووە، "ڕێوشوێنی پێویست گیراوەتەبەر و دەسەڵات ئاگادارکراوەتەوە لە پشتیوانی تەواوی ئێمە بۆ ئەوان لەم دۆسیەیەدا و هەروەها سەرۆک وەزیرانیشی ئاگادارکراوەتەوە".
