ئاشکرانەکردنی داهاتی نانەوتی شکستی دیکەی دەسەڵاتە و دەرگا بۆ بەردەوامی گەندەڵی دەکاتەوە
حکومەتی کابینەی نۆی ماوە بۆ درێژکراوی هەرێمی کوردستان تا ئێستا وەڵامی نامەکەی بەغدای نەداوەتەوە سەبارەت بە گواستنەوەی مووچەو داهاتی نانەوتی بۆ حسابی بانکی ناوەندی عێراق و ئەمەش نیگەرانیی سەبارەت بە چارەنووسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دروستکردووە.
لەم چوارچێوەیەدا، فراکسیۆنی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ شەممە بەیاننامەیەکی دەرکرد و ڕەخنەی بەرامبەر بێ هەڵوێستی حکومەتی هەرێم دەربڕی لە نەگواستنەوەی داهاتی نانەوتی بۆ هەژماری بانکی ناوەندی عێراق کە "بەبێ باکی و فەرامۆشکردنی مافی هاوولاتیانی هەرێم" وەسفی کرد و مافی هاوڵاتیانی هەرێمی لەبەرچاو نەگرت لە نەناردنی زانیاری پێویست بۆ بەغدا، ئەم هەوڵەی ئاشکرا نەکردنی داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان"شکستێکی ئاشکرای هەردوو حیزبی دەسەڵاتە و دەرگا بۆ بەردەوامی گەندەڵی و بەفیڕۆدانی داهات دەکاتەوە".
لە بەیاننامەکەی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق هاتووە، "یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان و حکومەتە شکستخواردوەکەیان بەرپرسیارێتی تەواوی هەر قەیرانێکیان هەیە کە سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەران سەرهەڵبدات" هەروەها هۆشداریشی دا لە کاریگەری ئەم کەمتەرخەمییەی حکومەتی هەرێم لەسەر بارودۆخی ژیان و هاوڵاتیان لە هەرێم کوردستان دا.
ئەو نوسراوە فەرمییەی خوارەوە، لەلایەن تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی هەرێم و نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەغدا نێردراوە، کە تیایدا داوا دەکات داهاتە نانەوتیەکانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی شوباتی بۆ هەژماری بانکی ناوەندی عێراق بنێردرێتەوە بۆ پێدانی بودجەی هەرێمی کوردستان.

