بە چاودێری و ئامادەبوونى قوباد تاڵەبانی..دووەمین کۆنفرانسی مید بۆ گەشەپێدانی ناوچەیی دەستیپێکرد
ئەمڕۆ یەکشەممە بە چاودێری و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم بە ناونیشانی (سیاسەت و بەڕێوەبردنی داتا بۆ پێشکەوتنی بەردەوام) لە هۆڵی بناغە لە کارگەی کولتووریی سلێمانی دووەمین کۆنفرانسی مید بۆ گەشەپێدانی ناوچەیی دەستیپێکرد.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی قوباد تاڵەبانی لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە
لە دەستپێکى کۆنفرانسەکەدا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان وتەیەکى پێشکەشکرد و رایگەیاند، “لەم وڵاتەدا دنیایەک کێشە و قەیران و گرفت هەیە، بەشی زۆری ئەم گرفتانە هەر هەبوون و گوێمان پێنەداون، بەڵام کە باسی ئەم گرفتانە دەکرێت، کەس هەیە چارەسەریان بۆ بدۆزێتەوە؟”.
وتیشی، ئەمڕۆ شەڕ و کێبڕکێیەکی گەورە هەیە لە جیهاندا لەسەر داتا، کێ داتای وردتر، زۆرتر و زانستییانەتری هەبێت، براوەی رکابەرییەکانە لە هەموو بوارەکاندا.
ئاماژەی بەوەشکرد، “زۆریک لە پسپۆڕانی بواری داتا لە رۆژهەڵات و رۆژئاوای زەوی، باس لە دەستپێکردنی شەڕی جیهانیی سێیەم دەکەن، ئەمە شەڕی چەک و تەقەمەن و تانک نییە، شەڕی داتایە، بەڵام ئەم داتایە کە هێندە گرنگە، بۆ ئێمە نیمانە؟”.
تاڵەبانی راشيگەیاند، ئێمە هێشتا بەجددی لە گرنگیی داتا تێنەگەیشتووین، بەبێ بوونی داتا حکومڕانیی دروست بوونی نییە، حکومڕانییەکی هەڕەمەکییە، رەنگە ئەمڕۆ پرۆژەیەکی گەورە بکەین و پارەیەکی زۆری بۆ تەرخانبکەین، بەڵام دوای 10 بۆ 20 ساڵی تر بۆمان دەربکەوێت خودی پرۆژەکە شکستیهێناوە و بووەتە کێشە، چونکە لەکاتی پلاندانان بۆ پرۆژەکە، ئەگەر داتا نەبێت ناتوانیت پێشبینی بکەیت 10 بۆ 20 ساڵی تر پێویستییەکانی شارێکی وەک سلێمانی چی دەبێت؟”.
