قوباد تاڵهبانی: پهیوهندییهكانی ههرێم و ژاپۆن گهشهی زیاتری پێبدرێت
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازیکرد لە ئەکیرا ئیندۆ، باڵیۆزی نوێی ژاپۆن لە عێراق و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا لەبارەی چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ژاپۆن و هەرێمی کوردستان و چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی هەردوولا گفتوگۆکرا.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی نوسینگەی ڕۆژنامەوانی قوباد تاڵەبانی لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی چوارشەمە(26/2/2025) بە ئامادەبوونی ئەراکاوا میکیهیرۆ، کونسوڵی گشتیی ژاپۆن لە هەرێم بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە باڵیۆزی نوێی ژاپۆن کرد و هیوای خواست لە ماوەی ئەرکەکەیدا لە عێراق، پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی ژاپۆن بەرەوپێشچوونی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت. هاوکات بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی لە هەرێم، ماڵئاوایی لە کونسوڵی گشتیی ژاپۆن کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکی داهاتوویدا.
جێگری سەرۆکوەزیران سوپاسی حکومەتی ژاپۆنی کرد بۆ هەموو هاوکارییەکانی لە هەرێمی کوردستان، بە تایبەتیش جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی هەڵەبجە و یارمەتیدانی مۆزەخانەی سلێمانی و گەڕاندنەوەی کۆمەڵێک شوێنەواری مێژوویی بۆ مۆزەخانەی سلێمانی.
لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا جەختیان کردەوە لەسەر پێویستیی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و وڵاتی ژاپۆن لە بوارە جیاوازەکاندا، لەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی داوای کرد حکومەتی ژاپۆن لە پەرەپێدانی تواناکانی گەنجان لە بوارەکانی تەکنەلۆژیا و کارسازییەوە هاوکاری هەرێمی کوردستان بکات.
