پەیامی ئۆجەلان دەرفەتێکە بۆ بنیاتنانی ئاشتی و کلیلی کردنەوەی پەیوەندیی بنیاتنەرانە لە ناوچەکەدا
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات، مەزڵوم عەبدی پێشوازی لە پەیامی عەبدولڵا ئۆجەلان کرد و لە ڕاگەیەندراوێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی، "پێشوازی لە پەیامە مێژووییەکەی سەرۆک عەبدولڵا ئۆجەلان دەکەین کە داوای کۆتاییهێنان بە شەڕ لە تورکیا و کردنەوەی ڕێگا بۆ پرۆسەیەکی سیاسی ئاشتیانە دەکات", ئەم پەیامە مێژووییە دەرفەتێکە بۆ بنیاتنانی ئاشتی و کلیلی کردنەوەی پەیوەندییەکی تەندروست و بنیاتنەرانە لە ناوچەکەدا.

لەکاتێکدا کاتژمێر 5:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ 27ـی شوبات، شاندی ئیمراڵی پەیامێکی عەبدولڵا ئۆجەلان، سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە بڵاوکردەوە.
لە سەرکەوتنێکی دەگمەن، عەبدولڵا ئۆجەلان، سەرۆک و دامەزرێنەری پارتی کرێکارانی کوردستان پەیامێکی مێژووی ڕاگەیاند لەمیانەی پڕۆسەی ئاشتی تورکیا.
لەو پەیامە کە ملیۆنان کەس لە چاوەڕوانی دابوون، عەبدولڵا ئۆجەلان داوای کرد کە پەکەکە چەک دابنێت و گوتوویەتی: "داوا لە پارتی کرێکارانی کوردستان دەکەم کۆنگرەیەکی گشتی ببەستێت و بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی خۆی بدات".
ئاپۆ لە درێژەی پەیامێکی کورت گوتوویەتی: "خۆم بـەرپرسیارەتی ئەم قۆناغە مێژووییە و چەك دانانی پەكەكە هەڵدەگرم".
