لەدوای بانگەوازی ئۆجەلان.. پەکەکە ئاگربەستی تاکلایەنەی ڕاگەیاند
کۆمیتەی بەڕێوەبەری پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە، پەیوەست بە بانگەوازیی و پەیامی عەبدولڵا ئۆجەلان، بە ڕاگەیاندراوێک بە ناونیشانی "بۆ ڕای گشتی و گەلی وڵاتپارێزمان" ئاگربەستی ڕاگەیاند، ئەوەش دوای ئەوەی ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو عەبدولڵا ئۆجەلان لە پەیامێک داوای لە پەکەکە و باڵەکانی کرد چەک دابنێن و بەشداری پڕۆسەی سیاسی بکەن.
پەکەکە ڕایگەیاندووە، ڕوونە کە بەم بانگەوازە، ڕەوتێکی مێژوویی نوێ لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستی پێکردووە، ئەمەش کاریگەری زۆری دەبێت لەسەر پەرەپێدانی ژیانی ئازاد و حوکمڕانی دیموکراسی لە سەرانسەری جیهاندا، بەم پێیە بەرپرسیارێتی لە ئەستۆی هەمووماندایە، پێویستە هەموو کەسێک ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆی قبوڵ بکات و بەو پێیە جێبەجێی بکات.
لەکاتێکدا کاتژمێر 5:00ـی ئێوارەی ڕۆژی 27ـی شوبات، شاندی ئیمراڵی پەیامێکی عەبدولڵا ئۆجەلان، سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە بڵاوکردەوە.
لە دەرکەوتنێکی دەگمەن، عەبدولڵا ئۆجەلان، سەرۆک و دامەزرێنەری پارتی کرێکارانی کوردستان پەیامێکی مێژووی ڕاگەیاند لەمیانەی پڕۆسەی ئاشتی تورکیا.
لەو پەیامە کە ملیۆنان کەس لە چاوەڕوانی دابوون، عەبدولڵا ئۆجەلان داوای کرد کە پەکەکە چەک دابنێت و گوتوویەتی: "داوا لە پارتی کرێکارانی کوردستان دەکەم کۆنگرەیەکی گشتی ببەستێت و بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی خۆی بدات".
ئاپۆ لە درێژەی پەیامێکی کورت گوتوویەتی: "خۆم بەرپرسیارەتی ئەم قۆناغە مێژووییە و چەک دانانی پەكەكە هەڵدەگرم".
