سووریا مافی هاوڵاتییبوون دەداتە کورد و هەسەدە دەبێتە بەشێک لە دامەزراوەی بەرگریی سووریا
ئەمڕۆ دووشەممە 10ـی ئاداری 2025، سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا واژووکردنی رێککەوتنێک لەنێوان مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا ڕاگەیاند و بەپێی ڕێککەوتنامەکە، "هەسەدە دەبێتە بەشێک لە دامەزراوەی بەرگریی سووریا".
سەرۆکایەتی کۆماری سووریا ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاندووە، لەسەر بنەمای کۆبوونەوەی نێوان ئەحمەد ئەلشەرع، سەرۆکی سووریا و مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە ڕۆژی دووشەممەدا، ڕێککەوتن لەسەر یەکخستنی سەرجەم دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان، لەوانە دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکان و کێڵگەکانی نەوت و گاز لە دەوڵەتی سووریادا.
ڕێککەوتنی ددوەم، دان بە کۆمەڵگای کوردی کە کۆمەڵگایەکی ڕەسەنە لە سووریادا و دەوڵەتی سووریاش مافی هاووڵاتیبوونی کورد و هەموو مافە دەستوورییەکانی مسۆگەر دەکات.
هەروەها مسۆگەرکردنی مافی سەرجەم سوورییەکان بۆ نوێنەرایەتی و بەشداریکردن لە پرۆسەی سیاسی و سەرجەم دامودەزگاکانی دەوڵەتدا، بەبێ هیچ جێوازیەکی نەتەوەیی و ئاینی.
