عێراق گرێبەستی دانانی کەیبڵی دەریایی FIG لەگەڵ قەتەر واژۆ دەکات
وەزارەتی پەیوەندییەکانی عێراق،ەمڕۆ پێنجشەممە،گرێبەستی دانانی کەیبڵی دەریایی FIG لەگەڵ گرووپی ئەریدۆی قەتەری واژۆ کرد، هاوکات "هەیام یاسری"وەزیری پەیوەندییەکان ئاماژەی بە کارکردن بۆ زیادکردنی داهاتەکانی دەوڵەت کرد.
یاسری بەئاژانسی هەواڵی فەرمی ڕاگەیاند:- کۆمپانیای گشتی پەیوەندییەکان و زانیارییەکان،کە یەکێکە لە پێکهاتەکانی وەزارەتی پەیوەندییەکان و خاوەنی ژێرخانی پەیوەندییەکانە لە عێراق،گرێبەستێکی ستراتیژی بۆ دانانی چوارەمین کەیبڵی دەریایی بۆ وڵات لەگەڵ گرووپی ئەریدۆی قەتەری مۆر کردووە.
وەزیری پەیوەندییەکان ڕوونیشیکردەوە کە گرێبەستەکە بە ئامادەبوون و سەرپەرشتی سەرۆکی گرووپەکە مۆر کراوە، ئەم پڕۆژەیە ئامانجی بەهێزکردنی توانای ئینتەرنێتە لە عێراق بە زیاتر لە 700تێرابایت، لە ڕێگەی کەیبڵێک کە درێژییەکەی 2000کیلۆمەترە و 24 جووت فایبەری تێدایە و بە هەموو وڵاتانی کەنداوی عەرەبیدا تێپەڕ دەبێت.
ئاماژەی بەوەشدەکات کە پڕۆژەکە هەوڵ دەدات عێراق لە ڕێگەی تورکیاوە بە ئەوروپا ببەستێتەوە،لەگەڵ بەستنەوەی وڵاتانی کەنداو بە تۆڕی پەیوەندی جیهانییەوە،کە ڕێگە دەدات پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە ڕێگەی عێراقەوە تێپەڕ بکرێن و چاوەڕوان دەکرێت پڕۆژەکە هەتا ساڵی 2027تەواو بکرێت.
