جارێكی تر شاندی دانوستانكاری یەكێتیی و پارتی لە بارەگای یەکێتیی لە هەولێر کۆبوونەوە
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە جارێكی تر شاندی دانوستانكاری یەكێتیی و پارتی کاتژمێر 5:00ـی ئێوارە لە شاری هەولێر لە مەکتەبی سیاسی یەکێتیی كۆبوونەوە.
كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی وەفدەكەی یەكێتی و پارتی یەكەمین كۆبوونەوەیە لەدوای كۆبوونەوەی لوتكەی نێوان بافڵ تاڵەبانی و مەسرور بارزانی سەبارەت بە پێكهێنانی كابینەی 10هەمینی حكومەتی هەرێم.
پێشتریش سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاندبوو، گفتووگۆكان هەنگاوی باشیان بڕیووە و پێكهێنانی حكومەت زۆر نزیكە.
ئەوەش لەکاتێکدا، نیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە 18ـی ئادار، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی سەردانی پیرمامی کرد و لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و جێگری دووەمی سەرۆکی پارتی کۆبوویەوە، "پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمیان گفتوگۆ کرد".
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم دەڵێت: "پێشوازیمان لە بەڕێز بافڵ تاڵەبانی کرد و گفتوگۆمان لەبارەی هەنگاو و ڕێکارەکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، هەردوولا کۆبوونەوەکانمان بە ئەرێنی هەڵسەنگاند و هاوڕابووین لەسەر گرنگیی پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز و یەکگرتوو و خزمەتگوزار".
لەلایەکی ترەوە فازڵ میرانى، سکرتێری گشتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لێدوانێکی رایگەیاند، "مەسرور بارزانى ویلایەتى دووەمى سەرۆک وەزیرانى بۆ نوێدەکرێتەوە".
