مەسعود بارزانی بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی ڕەمەزانەوە پیرۆزبایی لە موسڵمانانی جیهان وعێراق و کوردستان دەکات
سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی ڕەمەزانەوە، پیرۆزبایی لە موسڵمانانی جیهان، عێراق و کوردستان دەکات و، هیوادارە ئەم جەژنە ئاشتی و خێر و ئارامی بێت بۆ گشت مرۆڤایەتی.
شەممە 29ـی ئاداری 2025، مەسعود بارزانی، بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی ڕەمەزان، پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو کردەوە.
لە پەیامەکەی بارزانیدا هاتووە، بە بۆنەی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزەوە گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی موسڵمانانی جیهان و عێراق و كوردستان دەكەم، هەروەها پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و سەرجەم هاووڵاتیانی كوردستان دەكەم.
بارزانی دەڵێت: لەو بۆنە پیرۆزەدا هیوای خۆشی و ئارامی بۆ خەڵكی خۆشەویستی كوردستان دەخوازم و لە خوای گەورە داواكارم ڕۆژوو و عیبادەتی هەموو موسڵمانانی قبووڵ بکات.
هاوکات هیواشی خواست، ئەو جەژنە ئاشتی و خێر و ئارامی بۆ گشت مرۆڤایەتی بەدی بهێنێت.
