عێراق ئاسایشی سنوورەکان لەگەڵ سوریا بەهێز دەکات
ئەمڕۆ چوارشەممە، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان رایگەیاند،سنورمان لەگەڵ سووریا بەهێز دەکەین دژی گروپە چەکدارەکان، ئاماژەی بەوەشکرد" لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا ١٨ سەرکردەی گروپە چەکدارەکان لە یەک مانگرتندا کوژراون ".
سەباح ئەلنومان، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان رایگەیاند، کە هێزە ئەمنییەکان بەتایبەتی پاسەوانی سنوور بە پاڵپشتی سوپای عێراق و هێزەکانی کۆکردنەوەی جەماوەری بوونی خۆیان بەدرێژایی سنوور بەهێزتر کردووە کە بە ئامێر و سیستەمی پێشکەوتوو بەشدارییان لە کۆنترۆڵکردنی سنوورەکاندا کردووە، بەتایبەتی لەگەڵ سوریا.
ئەوەشی خستەڕوو، هێزە ئەمنییەکانی عێراق ئەزموونێکی بەرفراوانیان بەدەستهێناوە، ئەمەش وایکردووە بەشێوەیەکی کاریگەر مامەڵە لەگەڵ هەڕەشە ئەمنییەکان بکەن، جەختیشیکردەوە، سەرجەم ئۆپەراسیۆنەکان لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا بەبێ هیچ شکستێک ئامانجەکانیان بەدیهێناوە.
