كۆماندۆ ئۆراسیۆن بۆسەر مۆڵگەکانی داعش ئەنجامدەدات
فەرماندەیی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان رایگەیاندووە، كۆماندۆی كوردستان لەرێگەی سەرچاوە و زانیاری وردی هەواڵگری لەگەڵ تیمێكی هاوپەیمانان لە سەعات 4ی بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە 3ـی نیسانی 2025، لەسنووری گەرمیان و بە دیاریكراوی "بەرزاییەكانی دوراجی"، دەستیان بە كێوماڵی ناوچەكە كرد و ژمارەیەک تونێل و حەشارگەی تیرۆرستان، كە شوێنی حەوانەوە و هەڵگرتنی ئازوقە و بەندینخانەی كاتی بوو خاپوور كرد و یەكێک لە حەشارگەكەیان تەقاندەوە.
لەكاتی كێوماڵ كردنەكەدا و بەهۆی سەختی شوێنەكە و نەبوونی رێگەی ئۆتۆمبێل سود لە ئامێری "شۆفڵ" بینرا بۆ دروستكردن و چاککردنی ڕێگاكە، تا هێزەكان بتوانن بگەنە ئامانجەكان، هاوكات لە ئاسمانەوە فڕۆكەی هاوپەیمانان چاودێری كۆی ئۆپەراسیۆنەكەی كرد، لە راگەیەندراوەکەی کۆماندۆی کوردستان دا هاتووە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە کە دوێنێ هەینی بڵاوکراوەتەوە دەڵێت، لە یەكێک لە تونێلەكان كۆماندۆی كوردستان دەستی بەسەر چەند ئامێرێكی پەیوەنیكردن و چەند پەڕاوێكدا گرت، كە زانیاری تێدا تۆماركراوە، بە كۆتا هاتنی ئۆپەراسیۆنەكە تەواوی حەشارگە و مۆڵگەكانی تیرۆرستان، لەو ناوچەیە لەناوبراون و هیچ ئاسەوارێكیان نەما.
