مەسعود بارزانی: دەبێ دەوڵەتی عێراق قەرەبووی ئەنفال و ئەو جینۆسایدە بكات كە لەدژی میللەتەكەمان ئەنجام دراوە
سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە یادی تاوانی ئەنفالدا پەیامێک بڵاودەکاتەوە و رایدەگەیەنێت؛ دەبێ دەوڵەتی عێراق قەرەبووی ئەنفال و ئەو جینۆسایدە بكات كە لەدژی میللەتەكەمان ئەنجام دراوە.
مەسعود بارزانی لە 37ـەمین ساڵیادی ئەنفال پەیامێکی بڵاوکردەوە و بە پێویستی زانی دەوڵەتی عێراق قەرەبووی ئەو تاوانە بکاتەوە بەرامبەر کورد ئەنجامدراوە و رایگەیاند؛ "پێویستیشە ڕێگە لە هەموو جۆرە تێروانین و سیاسەت و كردەوەیەكی شۆڤینی لەدژی خەڵكی كوردستان بگیرێت".
ئاماژەی بەوەشکرد، پڕۆسەی ئەنفال بەشێكی ئەو ستەم و تاوانانە بوو كە لە سەدەی رابردوودا لەلایەن رژێمی پێشووی عێراق بەرامبەر گەلەكەمان ئەنجام درا و لە ئەنجامی ئەو پڕۆسە نامرۆڤانەیەدا كە بە چەند قۆناغ هەموو ناوچەكانی كوردستانی
گرتەوە.
هاوکات وتیشی، تاوانباران كەوتنە زبڵدانی مێژوو بەڵام برین و ئاسەواری ئەو جینۆساید و زوڵمە هێشتا ماون و سارێژ نەكراون و پێویستیشە رێگە لە هەموو جۆرە تێروانین و سیاسەت و كردەوەیەكی شۆڤینی لە دژی خەڵكی كوردستان بگیرێت.
