سودانی فەرمانیدا هەموو ئاسانکارییەکان بۆ هەفتەی ڕۆشنبیری قەتەر لە بەغدا پێشکەشبکرێت
"محەمەد شیاع سودانی" سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، فەرمانیدا بە پێشکەشکردنی هەموو جۆرە ئاسانکارییەکان بۆ بەرێوەچوونی هەفتەی ڕۆشنبیری قەتەر لە بەغدا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ،لە ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیراندا هاتووە : "سودانی " پێشوازی لە " عەبدولڕەحمان بن حەمەد ئال سانی" وەزیری ڕۆشنبیری قەتەر کرد.
لە دیدارێکدا گفتوگۆ لەسەر پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و چۆنێتی بەهێزکردنی ئاڵوگۆڕی شارەزایی و ئەزموون لە بوارەکانی ڕۆشنبیریدا کرا.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە "سودانی" جەختی لە پێویستی بەردەوامی و هەماهەنگی و کاری هاوبەش کردەوە بۆ پشتگیری کەرتەکانی ڕۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەوار و دەرخستنی ڕۆڵی گرنگیان لە کۆمەڵگادا،هەروەها ئاماژەی بە پێشکەوتنی پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵات لە چەندین بواردا کرد،لەوانەش لایەنی ڕۆشنبیری.
هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە : سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران،جەختیشی لە گرنگی ڕۆشنبیری کردەوە لە گەشەپێدان و بەهێزکردنی ناسنامەی نیشتمانی و ڕۆڵی چالاکییە ڕۆشنبیرییە جۆراوجۆر و هاوبەشەکان لە پتەوکردنی پەیوەندی نێوان گەلانی برا و دۆست،هەروەک ستایشی هەفتەی ڕۆشنبیری عێراقی کرد کە دوو مانگ پێش ئێستا لە دەوحە بەڕێوە چوو.
وەک ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی پێداوە ، لە لایەن خۆتەوە، وەزیری ڕۆشنبیری قەتەر سڵاوی میری قەتەری گەیاندە "سوودانی" و ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتەکەی پەرۆشە بۆ بەهێزکردنی هاوکاری هاوبەش لەگەڵ عێراق،و ستایشی هەوڵەکانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی کرد بۆ بەدیهێنانی گەشەپێدانی گشتگیر و پشتگیری ڕۆشنبیری، و دووپاتیشی کردەوە کە هەڵبژاردنی بەغدا وەک پایتەختی گەشتوگوزاری عەرەبی بۆ ساڵی 2025 خاڵێکی گرنگی دەستپێکە بۆ بەهێزکردنی هاوکاری ڕۆشنبیری.
