بافڵ تاڵەبانی: ئامادەن هاوکارى کۆمپانیا سعودییەکان بکەن بۆ ئەوەى لە هەرێمى کوردستان وەبەرهێنان بکەن
بافڵ جەلال تاڵەبانى سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەمیانی پێشوازیکردنی لە عەبدولعەزیز شەمەری، باڵیۆزی سعودیە لە عێراق رایگەیاند، ئامادەن هاوکارى کۆمپانیا سعودییەکان بکەن بۆ ئەوەى لە هەرێمى کوردستان وەبەرهێنان بکەن.
بەگوێرەى راگەیەندراوێکى نووسینگەى رۆژنامەوانیی سەرۆکى یەکێتى، لەکۆبوونەوەکەدا، بافڵ جەلال تاڵەبانی پەرۆشی حیزبەکەى بۆ رەخساندنی دەرفەتی زیاتری وەبەرهێنان بۆ کۆمپانیا سعودییەکان پیشانداوە و لەو بارەیەوە گوتویەتى" ئامادەین هەموو ئاسانکارییەک پێشکەشی کۆمپانیا و سەرمایەدارانی سعودیە بکەن تاوەکو لە بووژاندنەوەی زیاتری ئابووریی هەرێمی کوردستان رۆڵی کاریگەر بگێڕن و کارەکانیان ببنە هۆی رەخساندنی هەلى کار".
هەر بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، دۆخی سیاسیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بووە و هەردوولا جەختیان لە یەکخستنی هەوڵەکان بۆ دوورخستنەوەی ناوچەکە لە گرژیی کردوەتەوە.
