وەزیری ناوخۆ بانگهێشتنامەیەک دەداتە سەرۆکی سۆماڵ بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی عەرەبی لە بەغدا
ئەمڕۆ پێنجشەممە، عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق بانگهێشتنامەیەکی فەرمی ئاراستەی سەرۆککۆماری سۆماڵ کرد بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی عەرەبی کە بڕیارە ١٧ی ئایار لە بەغدا بەڕێوەبچێت.
وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا کە دەست موتەڵع کەوتووە، ئاماژەی بەوەکردووە، "ئەمڕۆ پێنجشەممە عەبدولئەمیر شەمەری وەزیری ناوخۆ گەیشتە شاری مۆگادیشۆی پایتەختی سۆماڵ و،بانگەێشتنامەیەکی فەرمی دکتۆر عەبدوللەتیف جەمال ڕەشید سەرۆک کۆماری عێراق ڕادەستی حەسەن شێخ مەحموود سەرۆک کۆماری سۆماڵی فیدڕاڵی کرد بۆ بەشداریکردن لەکارەکانی لوتکەی عەرەبی کەبڕیارە مانگی داهاتوو لەبەغدای پایتەخت بەڕێوەبچێت.
لە میانەی دیدارەکەدا، وەزیر سڵاوی سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران، بەڕێز محەمەد شیاع سودانی گەیاندە سەرۆک کۆماری سۆماڵ.
هەروەها باس لە ئامادەکارییەکانی حکومەتی عێراق بۆ میوانداریکردنی ئەم لوتکەیە کرا، هەروەها هەوڵەکان بۆ دڵنیابوون لەوەی کە لەگەڵ خواستەکانی گەلی عەرەبدا بگونجێت، جەختیان لەسەر گرنگی بەشداریکردن لەو لوتکەیەدا کردەوە.
لە پەراوێزی ئەم سەردانەدا، بەگوێرەی بەیاننامەکە، "رێگاکانی پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و سۆماڵ تاوتوێ کران بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان".
