عراقچی بۆ گەڕی سێیەمی دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا گەیشتە مەسقەتی پایتەختی عوممان
وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ گەڕی سێیەمی دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا گەیشتە مەسقەتی پایتەختی عوممان و بڕیارە سبەی دانوستانەکانی تایبەت بە بەرنامەی ئەتۆمی بە نێوەندگیری سەڵتەنەی عوممان بەڕێوە بچێت.
ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردووەتەوە، عەباس عراقچی بە سەرۆکایەتیی شاندێکی دیبلۆماتی بۆ بەشداری لە گەڕی سێیەمی دانوستانی تاران – واشنتن گەیشتوونەتە مەسقەت.
بە وتەی بەقائی، عراقچی سەرۆکایەتیی شاندێکی تایبەتی دیبلۆماتی و تەکنیکی دەکات و بڕیاری سبەی شەممە بەدر بوسعێدی، وەزیری دەرەوەی عوممان نێوەندگیری دانوستانی ناڕاستەوخۆ بکات.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندووە، شاندی دانوستانکاری وڵاتەکەی، لە گەڕی ئەمجارەدا پێداگرن لەسەر بە دەستهێنانی گەرەنتی یاسایی بۆ پەرەپێدانی بەرنامەی ناوەکی ئێران، وەک بەرنامەیەکی تەواو ئاشتیخوازانە.
هەروەها ئاماژەیداوە، کۆتایی هێنان بە سزا سەپێنراوە نایاسایی و نامرۆییەکان بە گشتیی و بە پەلە، کاری لە پێشینەی دانوستانی ئەمجارەی شاندی ئێران دەبێت لە عوممان.
