بارزانی پەیامێکی سەرەخۆشیی ئاراستەی مەسعود پزیشکیان دەکات
ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی سەرەخۆشیی ئاراستەی سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران و کەسوکار و قوربانیانی تەقینەوەی بەندەر عەباس کرد. هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ بریندارەکان دەخوازێت.
ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەڕێز د.مەسعود پزیشکیان و کەسوکار و قوربانیانی تەقینەوەی بەندەر عەباس دەکەین و هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ بریندارەکان دەخوازین.
خوای مەزن گیانی خوالێخۆشبووان بە بەهەشت شاد بکات و ئارامی و دڵنەواییش بە کەسوکاریان ببەخشێت.
لەم ڕووداوە نەخوازراوەدا، هاوسۆزی و هاوخەمی خۆمان لەگەڵ خەڵکی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەردەبڕین.
دوێنی شەممە، 26ـی نیسانی 2025، تەقینەوەیەکی گەورە لە بەندەری ڕەجایی شارستانی بەندەر عەباس ڕووی دا کە تاوەکوو ئێستا 25 کەس کوژراون و زیاتر لە 800 کەسیش بریندار بوون، هاوکات ڕێژەکە هێشتا لەبەرزبوونەوەدایە، هەروەها بەرپرسانیش تا ئێستا هیچ زانیارییەکیان لەبارەی هۆی تەقینەوەکە ئاشکرا نەکردووە.
محەممەد ئاشووری، پارێزگاری هورمزگان ڕایگەیاند، سێ ڕۆژ ماتەمینی سەرتاسەری دەبێت.
