سودانی بەبۆنەی ڕۆژی کرێکارانەوە پیرۆزباییان لێ دەکات وبەڵێنی چالاککردنی یاسای خانەنشین و بیمەی کۆمەڵایەتیی دەدات
محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران، ئەمڕۆ پێنجشەممە بەڵێنیدا یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران جێبەجێ بکات.
سودانی لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی (X) ڕایگەیاند"پێزانین و پیرۆزبایی خۆمان ئاڕاستەی هەموو کرێکارانی عێراق و جیهان دەکەین، بە بۆنەی ئەم ڕۆژە تایبەتەیانەوە، هەر بەم بۆنەیەوە پابەندبوونی خۆمان نوێ دەکەینەوە بۆ بەردەوامبوون لەسەر ڕێبازەکەمانت بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی کرێکاران لە ژنان و پیاوان، لە ڕێگەی چالاککردنی یاسای خانەنشین و بیمەی کۆمەڵایەتییەوە بۆ کرێکاران، کە ژینگەیەک دەڕەخسێنێت بۆ گەشەسەندنی داهێنانی هێزی کار و دەستەبەرکردنی مافە یاسایی و ماددییەکانیان.
دووپاتیشیکردەوە کە چەرخی کارکردن و ئاوەدانکردنەوە ناوەستێت، ئەمەش لە سایەی ئیرادەی عێراقییەکانەوە بۆ بنیاتنان و پەرەپێدانی وڵاتەکەیان و ڕەخساندنی دەرفەتی زیاترى گەشەپێدان و کارکردن و کردنەوەی ئاسۆیەکی نوێی ئابووری و پیشەسازی.

