حەکیم وعامری هەڵبژاردنەکانی داهاتوو و دۆخی سوریا تاوتوێ دەکەن
عەمار حەکیم سەرۆکی ڕەوتی حیکمە ئەمڕۆ یەکشەممە، جەختیکردەوە لە سەر پێویستی پاراستنی هەموو چین و توێژەکانی گەلی سووریا.
حەکیم لە ڕاگەیەندراوێکدا کە دەستی موتەڵع کەوتووە ڕایگەیاندووە: پێشوازیمان لە هادی عامری، ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی بەدر کرد، پێشهاتە سیاسییەکانی عێراق و ناوچەکە، و ئامادەکارییەکان بۆ شایستەکانی داهاتوو، بابەتگەلێکی گرنگ بوون کە بیروڕامان لەسەر ئاڵوگۆڕ کرد.
حەکیم پێویستی "پاراستن و پتەوکردنی ئەو سەقامگیرییەی وڵات دووپاتکردەوە، ڕوونیشیکردەوە کە بەرپرسیارێتییەکی بەکۆمەڵە دەکەوێتە ئەستۆی هەمووان".
ئاماژەی بەوەشکرد: "پێویستی ئامادەکاری بۆ شایستەی هەڵبژاردنی داهاتوو و گرنگی کێبڕکێ لەسەر بنەمای بەرنامە و خزمەت".
داوای "بەشداری فراوان و کاریگەر و هۆشیارانەی کرد بۆ هەڵبژاردنی شایستەترین کەس کە خواستەکانی دەنگدەرانی و لە ئەنجامدا خواستەکانی هەموو هاوڵاتیان بەدەستبهێنێت".
سەبارەت بە پێشهاتەکانی ناوچەکە، حەکیم جەختی لە "پێویستی پاراستنی هەموو چین و توێژەکانی گەلی سوریا و بەشداریکردنیان لە بڕیاردانی سیاسی" کرد.
