وەزارەتی دەرەوە پێشوازی لە ئاگربەستی نێوان هیندستان و پاكستان دەكات
ئەمڕۆ شەممە ، وەزارەتی دەرەوەی عێراق، پێشوازیی لە بڕیاری ئاگربەستی نێوان كۆماری هیندستان و كۆماری پاكستان کرد.
وەزارەتەكە لە بەیاننامەیەكدا بڵاویکردەوە: پێشوازی كۆماری عێراق لە بڕیاری ئاگربەستی نێوان كۆماری هیندستان و كۆماری پاكستان دەردەبڕێت، كە دەستپێشخەرییەكی ئەرێنییە و پابەندبوونی هەردوولا دەردەبڕێت بە نزیكبوونەوەی گفتوگۆ و دیپلۆماسی وەك ئامرازێك بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكان.
وەزارەتەكە دووپاتی كردەوە : كە ئەم بڕیارە نوێنەرایەتی هەنگاوێكی ژیرانەیە بۆ هێوركردنەوەی گرژییەكان لە ناوچەكەدا و ڕێگە خۆش دەكات بۆ بەهێزكردنی متمانەی یەكتر و دروستكردنی پردی لێكتێگەیشتن و لێك نزیكبوونەوە، بە بەرز نرخاندنی ئەو هەوڵانەی بۆ گەیشتن بەم ڕێككەوتنە دراون.
ئاماژەی بەوەشكرد : چارەسەری هەمیشەیی تەنها لەڕێگەی دانوستانێكی بنیاتنەر و پابەندبوون بە ڕێككەوتن و یاسا نێودەوڵەتییەكان دەتوانرێت بەدەستبهێنرێت، هیوای خۆی دەربڕی كە ئەم دەستپێشخەرییە وەرگێڕان بێت بۆ هەنگاوی پراكتیكی كە هاوكاریی ناوچەیی بەرزبكاتەوە، بنەماكانی پێكەوەژیانی ئاشتیانە دەچەسپێنێت، و گەلانی دوو وڵاتی دۆست لە بەڵای ململانێ و كاردانەوەكانی بپارێزێت، بەم شێوەیەش بەشداربێت لە ئاسایشێكی زیاتر و داهاتوویەكی خۆشگوزەران بۆ هەموو ناوچەكە.
