گراهام ئارنۆڵدی ئوسترالی بەفەرمی وەک راهێنەری نوێی هەڵبژاردەی عێراق دەستبەکاربوو
ئەمڕۆ شەممە ،گراهام ئارنۆڵدی ئوسترالی بەفەرمی وەک راهێنەری نوێی هەڵبژاردەی عێراق دەستبەکاربوو، ئاماژەی بەوەکرد ئامانجم ئەوەیە عێراق بەرەو مۆندیال بگەیەنێم و پێویستە هەمووان باوەڕیان بەم شتە هەبێت و ئێمەش توانای ئەوەمان هەیە.
ئاڕنۆڵد لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند : سوپاسی یەكێتی تۆپی پێی عێراق و عەدنان درجال، سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی عێراق دەكەم بۆ متمانەیان بە من و دەستنیشانكردنیان بۆ ئەم پۆستە، هەروەها سوپاسی لیژنەی جێبەجێكار دەكەم بۆ پاڵپشتیكردنیان.
ئاماژەی بەوەشكرد: هەڵبژاردەی عێراق بەهرەمەندی گەورەی هەیە، لەگەڵ فیدراسیۆنەكە كۆدەبمەوە بۆ چاودێریكردنی یاریزانەكان، دەمەوێت بە زووترین كات كەمپی مەشق و ڕاهێنان دابنێم.
ئاڕنۆڵد دووپاتی كردەوە: لە پاڵاوتنەكاندا بەدواداچوونم بۆ سەرجەم یارییەكانی عێراق كرد، بەڵام ناگەڕێمەوە سەر ڕابردوو ، ئەزموونێكی بەرفراوانم هەیە لە ڕووبەڕووبوونەوەی كۆریای باشوور و ئوردن، لێرەم بۆ ئەوەی گەلی عێراق شانازی پێوە بكەم.
ووتیشی: ئامانجمان سەركەوتنە بۆ مۆندیال، منیش وەك سەركردە و باوك بۆ یاریزانەكان مامەڵە دەكەم، ستافێكی تەكنیكی تەواو یەكگرتووم هەیە كە چاودێری هەموو یاریزانەكان دەكەن.
ئاڕنۆڵد ڕوونیشیكردەوە: ئامادەی یارییەكانی خولی عێراق دەبێت بۆ چاودێریكردنی ئاستی یاریزانان، جەختیشی لەسەر گرنگی دروستكردنی پەیوەندییەكی پتەو لەگەڵیان كردەوە.
لە كۆتاییدا وتی: كاردەكەم بۆ چارەسەركردنی ئەو خاڵە لاوازانەی كە لە ڕابردوودا هەبوون، هەوڵیش دەدەم پەیوەندی نێوان یاریزانەكان بەهێزتر بكەم، دەبێت هەمووان باوەڕیان بەوە هەبێت كە سەردەكەوین بۆ مۆندیال، چونكە ئەمە ئەو ئامانجەیە كە من بۆی هاتوومەتە پێشەوە.
