پارێزگاری دهۆک: داوا لە چەکدارانی پەکەکە دەكەین ئەو گوند و شاخانەی کە ئێستا تێیدا جێگیرن چۆڵی بکەن
عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆك ڕایگەیاند، بەهۆی شەڕەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان و توركیا نزیکەی 30%ی گوندەکانی پارێزگاکە وێران کراون و چۆڵکراون، بۆیە داوای لە لە چەکدارانی پەکەکە دەكەن ئەو گوند و شاخانەی چۆڵ بکەن بۆ ئەوەی دانیشتوان بتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و دەست بە ژیانی ئاسایی خۆیان بکەنەوە.
عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک ئەمڕۆ پێنجشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "بەهۆی ململانێی چەکداریی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا، پارێزگای دهۆک زۆرترین زیانی بەرکەوتوە و نزیکەی 30%ی گوندەکانی پارێزگاکە وێران کراون و بەتەواوی چۆڵکراون، هۆی سەرەکی نەگەڕانەوەی دانیشتوانیش بۆ ناوچەکانیان سیاسەتەکانی پەکەکەیە".
ئاماژەی بەوەشكرد، داوا لە چەکدارانی پەکەکە دەكەین ئەو گوند و شاخانەی کە ئێستا تێیدا جێگیرن، چۆڵی بکەن بۆ ئەوەی دانیشتوانەكەی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و دەست بە ژیانی ئاسایی خۆیان بکەنەوە.
پارێزگاری دهۆك باسی لەوەشكرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێستاوە دەستی کردوە بە جێبەجێکردنی ژمارەیەك پڕۆژەی ئاوەدانکردنەوە لەو ناوچانەی كە زیانیان بەرکەوتوە، لەوانەش قیرتاوکردنی ڕێگای گەلیی باڵندە کە بەرەو ناوچەکانی نێروە و ڕێکان دەڕوات، جگە لە تەواوکردنی ئەو پڕۆژانە کە دەکەونە بناری چیای گارە و چیای مەتین.
